وەزیری بەرگری ئیسرائیل : حەماس لەناو دەبەین
پەیامی کورد ... وەزیری بەرگری ئیسرائیل : حەماس لەناو دەبەین
یووئاڤ گالانت، وەزیری بەرگری ئیسرائیل، جارێکی دیکە جەختی لەسەر لەناوبردنی حەماس کردەوە و ڕایگەیاند: ئیسرائیل ئەو بارمتانەی لە هێرشەکەی حەماس و هاوپەیمانەکانی لە ٧ی ئۆکتۆبەر ڕفێندرابوون بۆ ئیسرائیل دەگەڕێنێتەوە.
ناوبراو لە میانی سەردانێکیدا بۆ بنکەی ئاسمانیی پاڵماخیم، گوتی: لە غەززە پابەندین بە نەهێشتنی حەماس و هەروەها گەڕانەوەی بارمتەکان، ئێمە کار لەسەر ئەم دوو ئەرکە دەکەین و منیش بڕیارم داوە هەردووکیان ئەنجام بدەم، گرینگ نییە چەندە بخاینێت. "
هەر لەو پێوەندییەدا، جۆ بایدن، سەرۆکی ئەمریکا، ڕۆژی ڕابردوو لە پەیوەندییەكی تەلەفۆنیدا لەگەڵ بێنیامین ناتانیاهوو ، سەرۆک وەزیرانی ئیسرائیل، جارێکی دیکە جەختی لەسەر "پابەندبوونی ئاسنین" بۆ بەرگری کردن لە ئاسایشی ئیسرائیل و هەوڵدان بۆ ئازادکردنی بارمتەکان كردەوە.
ئەم بابەتە 59109 جار خوێندراوەتەوە