وەزیری تەندرووستی : ئەولەویەتی دامەزراندن بۆ خۆبەخشەکان دەبێت
پەیامی کورد ... وەزیری تەندرووستی : ئەولەویەتی دامەزراندن بۆ خۆبەخشەکان دەبێت
وەزیری تەندرووستی حکوومەتی ھەرێمی کوردستان دەڵێت، "لەم نزیکانە ھەردوو نەخۆشخانەی ئامێدی و شێرپەنجە لە دھۆک تەواو دەبن و دەکرێنەوە و پێویستیان بە ستاف دەبێت، ئەولەویەتیش لە دامەزراندن بۆ خۆبەخشەکانە، چوونکە لە ھەرێمی کوردستان زیاتر لە ١٠ھەزار خۆبەخش ھەیە.
دکتۆر سامان بەرزنجی، وەزیری تەندرووستی حکوومەتی ھەرێمی کوردستان، ڕایگەیاند "نەخۆشخانەی ئیتیتێ لە ئامێدی نەخۆشخانەیەکی نوێیە و لە تەواوبووندایە، تەنیا ھەندێک ئامێری پزیشکی ماوە، ئەوانەی لە نەخۆشخانەکەش دامەزراون گرێبەستن و کارمەندی تەندروستین، پزیشکی پسپۆریشیان لە دھۆک بۆ ڕەوانە دەکرێت، کرێکاری خزمەتگوزارییش لە ھەموو کوردستان لەڕێگەی کۆمپانیاکانی خزمەتگوزارییەوە گرێبەستیان لەگەڵ تەندرووستی کردووە و بەو کارە ھەڵدەستن، بۆیە ئەوانەی بوونەتە گرێبەست ئەوانەن کە پێشتر خۆبەخش بوونە، پێویستە خەڵکی سنووری ئامێدییش بن، ھەوڵیش دەدەین زیاتر کرێکار و کارمەندی تەندرووستی و ستافی نەخۆشخانەکان لە ھەموو ناونیشانەکان دابمەزرێنین، بۆیە لەگەڵ باشبوونی دۆخی ئابووری ژمارەیەکی زیاتری کارمەندی تەندروستی دادەمەزرێن".
دکتۆر سامان بەرزنجی دەشڵێت، "لە ھەموو ھەرێمی کوردستان خۆبەخشمان ھەن و ڕۆڵی گەورەیان ھەیە، بەڵام ئەمە پەیوەستە بە بارودۆخی ئابووری، ناوە ناوەش بەپێی پێویستی شوێن کارمەند دامەزرێندراون، لە دھۆک لە نەخۆشخانەی ئازادی بەناوی فریاکەوتن، ئەوەی جی ئای زێتی ئاڵمانیا درووستی کردووە ١٠٠ کارمەند دامەزراون، نەخۆشخانەی شێرپەنجە لە دھۆک لە تەواوبوون دایە، ئەویش پێویستی بە ستاف ھەیە و لە شارەکانی دیکەش خۆبەخشن و ئەولەویەت لە دامەزراندن بۆ ئەوانە، چوونکە زیاتر لە ١٠ھەزار خۆبەخشمان لە ھەرێمی کوردستان ھەیە، بۆیە ئەولەویەتی دامەزران بۆ خۆبەخشەکان دەبێت".
بەرزنجی باسی لەوەشکرد "بۆ دامەزراندنی وەجبەی نوێی دکتۆرەکان نووسراومان بۆ ئەنجوومەنی وەزیران کردووە، بەھۆی ئەوەی سیستەمی دامەزراندن گۆڕانکاری بەسەردا دێت و دەبێ پزیشک خۆی یەکلایی بکاتەوە ئاخۆ لە کەرتی گشتی یاخود تایبەت کار دەکات هەندێک دواکەوت، چوونکە لە ھەردوو کەرت زۆر پزیشکی موقیممان ھەیە، ئێستا ڕێکاریی ماوە تەواو بێت، ئەویش ڕەزامەندی دەدرێت و دادەمەزرێن".
ئەم بابەتە 99 جار خوێندراوەتەوە