وەزیری تەندرووستی بەشداریان لە کۆبوونەوەی رێکخراوی تەندروستی جیھانی دەخاتەڕوو
پەیامی کورد ... وەزیری تەندرووستی بەشداریان لە کۆبوونەوەی رێکخراوی تەندروستی جیھانی دەخاتەڕوو
وەزیری تەندرووستی حکوومەتی ھەرێمی کوردستان ڕایگەیاند، بەشداریکردنمان لە حەفتاو حەوتەمین کۆبوونەوەی رێکخراوی تەندرووستی جیھانی، پێگەی ھەرێمی کوردستان لەسەر ئاستی جیھان بەھێزتر دەکات و دەبێتە دەرفەتێک بۆ ئەوەی ھەماھەنگی زیاترمان لەگەڵ ووڵاتان ھەبێت و ھاوکاری و پاڵپشتی ئێمە بکرێت لە کەرتی تەندرووستیدا.
دکتۆر سامان بەرزنجی، وەزیری تەندرووستی حکوومەتی ھەرێمی کوردستان، ڕایگەیاند : "ئێمە وەکوو وەزارەتی تەندرووستی حکوومەتی ھەرێمی کوردستان، دووەم ساڵە بەشداری لە کۆبوونەوەی ساڵانەی رێکخراوی تەندروستیی جیھانی دەکەین، کە ئەو رێکخراوە یەکێکە لە گەورەترین رێکخراوی تەندرووستی جیھانی و چاودێری تەندرووستی لە ھەموو جیھان دەکات، کە دابەشی سەر پێنج زۆن کراون، ئەوەی ئێمە تێیدا بەشدارین وەکوو ھەرێمی کوردستان، لە رۆژھەڵاتی ناوەڕاست و باکووری ئەفریقیایە، چوونکە لە تەندرووستیدا سنوور نییە و درووشمی کۆبوونەوەی ٧٧مینی رێکخراوی تەندرووستی جیھانی، تەندرووستی بۆ ھەمووانە".
بەرزنجی ووتیشی: "گرفتی زۆر گەورەی تەندرووستی لە جیھاندا ھەیە و زۆر ووڵات تا ئێستا ڤاکسینی پێنەگەیشتووە و ھەندێکیش مەترسیی تووشبوون بە چەندین نەخۆشییان ھەیە لەگەڵ چەندین گرفتی دیکەی تەندرووستی، بۆیە گرفتێک لە وڵاتێک ھەبێت، گرفت بۆ وڵاتی دیکەش دروست دەبێت، بێگومان ھەرێمی کوردستانیش جوانترین نموونەیە، کە سەرەڕای ئەوەی ئاوارەیەکی زۆر ڕوویان لە ھەرێمی کوردستان کردووە و قەیرانی دارایی و شەڕی داعش و کۆرۆنا ھەبووە، ئەمانە لێکەوتەیان لەسەر ھەرێمی کوردستان ھەبوو، کە بەشێکی زۆری ھی وڵاتانی دیکە بووە لێکەوتەکانی لەسەر ھەرێمی کوردستان دروست کردووە، ئەمە وادەکات جیھان ھەمووی ھەماھەنگیی ھەبێت، بۆیە ئەمە دووەم جارە شاندی فەرمیی ھەرێم بەشداری لەو کۆبوونەوەیەدا دەکات، ئەمەش پێگەی فەرمیی ھەرێمی کوردستان لەسەر ئاستی جیھان بەھێزتر دەکات و زیاتر دەناسرێت و دەرفەتێکیش ھەبوو کۆمەڵێک کۆبوونەوەمان ئەنجام دا، بەتایبەت لەگەڵ رێکخراوی تەندروستیی جیھانی و داوەتمان کردن بێنە ھەرێمی کوردستان".
دکتۆر سامان ئاماژەشی دا: "لەو کۆبوونەوەیەی رێکخراوی تەندرووستی جیھانیدا، بە گشتی باسی دۆخی تەندرووستی کرا و ئێمە لەگەڵ رێکخراوەکە باسی کۆمەڵێک بابەتی ستراتیژمان کرد، وەکو پێگەی ھەرێمی کوردستان لەسەر ئاستی نێودەوڵەتی و پاڵپشتییان بۆ ھەرێمی کوردستان، چوونکە سنوورمان لەگەڵ چەندین ووڵات ھەیە و ئاوارەیەکی زۆرمان ھەیە و سیستەمی بوودجەی ئێمە لە حاکیمە دەدرێت لە عێراق و لێکەوتەی ئابووری و سیاسی و ژینگەیی لە ناوچەکەدا، کاریگەری لەسەر ھەرێم ھەیە و باسمان لە ریفۆرمی کەرتی تەندرووستی کرد، کە ئێستا لەو قۆناغەداین، ئەو رێکخراوەش ھاوکارمان بێت لە بەرەنگاربوونەوەی ماددە ھۆشبەرەکان بە ھەمان شێوە و لە دابینکردنی پێداویستی پزیشکی زیاتر ھاوکاریمان بکرێت و بەشداریکردنی ھەرێم لە پڕۆژە نێودەوڵەتییەکان و سوودیان لێ وەرگرین".
ناوبراو باسی لەوەش کرد : "بەشداریکردن لەم جۆرە کۆبوونەوانەدا، پێگەی ھەرێمی کوردستان زیاتر بەھێز دەکات و ئێمە توانیمان لە سەردەمی کۆرۆنا ئۆفیسی رێکخراوی تەندرووستی جیھانی لە ھەرێم بکەینەوە و لە ڕووی لۆجستی و نەخۆشی گوازراوە ھاوکاریمان بکرێت، جگە لەوەش پەیوەندیمان لەگەڵ وەزیری تەندرووستی کۆمەڵێک ووڵات ھەیە، وەکو سعودیە و ئەمساڵیش دەزگای خێرخوازیی مەلیک سەلمان دوو جار سەردانی کردووین و پاڵپشتی ئێمەیان کردووە لە چەند پڕۆژەیەک و داوایان کرووە ئێمەش سەردانیان بکەین و کۆمەڵێک کۆنفڕانسی دیکە ھەن، ئێمەش بەشدارییان تێدا بکەین، جگە لەوەش ئێمە بەشدار بین لە داڕشتنی سیاسەتی تەندرووستی جیھانی و ھەرێمی کوردستانیش بەشێک بێت لە ھەموو پرسەکان، وەکوو کۆنترۆڵکردنی نەخۆشییە گوازراوەکان و بەرەنگاربوونەوەی ماددە ھۆشبەرەکان و ڕووبەڕووبوونەوەی لێکەوتەکانی گۆڕانی کەشوھەوا".
دەشڵێت: "ئێمە لە ھەرێمی کوردستان حەوت ملیۆن ھاووڵاتی و ملیۆنێک و ٥٠٠ ھەزار ئاوارە و پەنابەر و ئەوانەی لە ھەرێم کار دەکەن ھەیە و دێن چارەسەر وەردەگرن، ئەمەش فشارێکی زۆرە و ھەرێمی کوردستان پەیڕەوی سیاسەتی مرۆڤایەتی کردووە، چوونکە لە ساڵی ٢٠١٣ یەکەمین وەجبەی ئاوارەی رۆژئاوای کوردستان ھاتن بۆ ھەرێم و سەرۆک بارزانی خۆی سەردانی کەمپی کەورگۆسکی کرد و داوای کرد نابێت جیاوازی ئەوان لەگەڵ خەڵکی خۆمان بکرێت، بۆیە بەردەوام ھەموو جۆرە چارەسەرییەکیان بۆ دەکرێت، ئەمەش لای رێکخراوی تەندرووستی جیھانی بە ھەند وەرگیراوە و سەرۆکی حکوومەتی ھەرێمی کوردستانیش ھەمیشە پاڵپشتیی ئاوارە و پەنابەران دەکات، ئێمەش راسپاردەکانی جەنابیان جێبەجێ دەکەین".
لە کۆتایی لێدوانەکەیدا ووتی: "کۆبوونەوەکە بە بەشداری چەندین ووڵات بەڕێوە دەچێت و ماوەی ھەفتەیەک دەخایەنێت لە ٢٥ی٥ تاوەکوو ١ی٦ بەردەوام دەبێت، ئێمەش بەشداریمان لە دوو کۆبوونەوەی وەزیرانی تەندرووستی ووڵاتانی عەرەبی و دۆستانی خۆمان لە ووڵاتانی عەرەبی کرد، کە ھاوکاری ئێمە بوون و پاڵپشتی ئێمەیان کردووە، لە ئاستی ووڵاتانی ئەورووپاش بە ھەمان شێوە، کە لە چوار ساڵی رابردوودا بە دەیان ملیۆن دۆلار ھاوکاریمان کراوە لە دەرمان و درووستکردنی بنکەی تەندرووستی، بۆیە ئەمانە ھەمووی لە چوارچێوەی پەیوەندییەکانمان لەگەڵ ووڵاتان بەدەست ھاتوون".
ئەم بابەتە 41489 جار خوێندراوەتەوە