وەزیری تەندرووستی : نەخۆشخانەی ڕزگاری دەبێتە نەخۆشخانەیەکی نموونەیی

پەیامی کورد   ...   وەزیری تەندرووستی : نەخۆشخانەی ڕزگاری دەبێتە نەخۆشخانەیەکی نموونەیی

وەزیری تەندرووستی حکوومەتی ھەرێمی کوردستان ڕایگەیاند : نۆژەنکردنەوەی نەخۆشخانەی ڕزگاری لە ھەولێر دەستپێکراوە و ٢١ بەشی لێ نۆژەن دەکرێتەوە، لەناو سیاجی هەمان نەخۆشخانە نەخۆشخانە بۆ چەندین پسپۆڕی و سەنتەری دڵ و ئەنجامدانی نەشتەرگەری لەڕێگەی ڕۆبۆت درووست دەکرێت". 

دکتۆر سامان بەرزنجی، وەزیری تەندرووستی حکوومەتی ھەرێمی کوردستان، ڕایگەیاند، "نۆژەنکردنەوەی نەخۆشخانەی ڕزگاری لە ھەولێر دەستپێکراوە، لەو نەخۆشخانەیە ٢١ بەشی نۆژەندەکرێنەوە، وەکو ژێرخانی نەخۆشخانە لە ئاو و ئاوەڕۆ، ساردی و گەرمی، کارگەکانی ئۆکسیژێن، کینەر، سیستەمی ئەلێکترۆنی، ئاگرکوژاندنەوە و سیتەمی دیکەی نەخۆشخانە، بەڵام نەخۆشخانەکە سەرەڕای ئەوەی نۆژەن دەکرێتەوە، بەڕووی ھاووڵاتییاندا کراوەیە و دانەخراوە، بۆ ئەوەی لە خزمەتی هاووڵتییان بەردەوام بێت". 

دکتۆر سامان بەرزنجی ووتیشی، "بڕیارە لەناو نەخۆشخانەی ڕزگاری چەند بەشێکی تازە بکرێنەوە کە یەکەمین جارە دەکرێنەوە و دەکەونە خزمەت ھاووڵاتییانی خۆشەویست". 

وەزیری تەندرووستی دەشڵێت، "لەناو حەوشەی نەخۆشخانەی ڕزگاری نەخۆشخانەیەک بۆ چەندین پسپۆڕی و سەنتەری دڵی گەوران و منداڵان و نەشتەرگەری لەڕێگەی ڕۆبۆت، ھاوشێوەی ووڵاتانی جیھان درووست دەکرێت، نەخۆشخانەی ڕزگاری لە داھاتوودا لەڕووی باڵەخانە و بەڕێوەبردنیشەوە دەبێتە نەخۆشخانەیەکی نموونەیی". 


ئەم بابەتە 104 جار خوێندراوەتەوە