وەزیری تەندرووستی هەرێمی  کورستان : لە بواری چاکسازی دەرمان شۆڕشێکی گەورەمان کردووە

پەیامی کورد    ...   وەزیری تەندرووستی هەرێمی  کورستان : لە بواری چاکسازی دەرمان شۆڕشێکی گەورەمان کردووە

وەزیری تەندرووستی حکوومەتی ھەرێمی کوردستان رایگەیاند، لە کابینەی نۆیەمی حکوومەتی ھەرێمی کوردستاندا گرینگییەکی زۆر بە کوالیتی دەرمان دراوە و دەشڵێ : "ئێمە لەم کابینەیەدا شۆڕشێکمان لە بواری چاکسازی دەرمان و پێداویستی پزیشکیدا کردووە".

دکتۆر سامان بەرزنجی، ڕایگەیاند : "کەرتی تەندرووستی لە ھەرێمی کوردستان ھاوشێوەی ووڵاتان بەردەوام لە پێشکەوتن دایە لە ڕووی پسپۆڕی و ئامێر و ژێرخانەکان و پێشکەش کردنی خزمەتگوزارییەکان، بۆ ئەوەی بتواندرێت چارەسەری  نەخۆشەکانی پێ بکرێت،چوونکە پێشتر ھەندێک خزمەتگوزاری لە ھەرێمی کوردستان بوونیان نەبوو وەکوو ھەندێک نەشتەرگەری و پشکنین و ھەندێک ئامێر و پسپۆڕی، بەڵام ئێستا لە زۆرینەی بوارەکان وەکوو پسپۆڕییەکانی بواری پزیشکی و نەشتەرگەری، پێشەوەچوونی باشی بەخۆیەوە بینیوە، کە لە ئێستادا لە عێراق یشەوە بۆ ئەو مەبەستە سەردانی ھەرێمی کوردستان دەکەن".

بەرزنجی ووتیشی: "بۆ کوالیتی دەرمانیش ئێمە هەر زوو دەستمان پێکرد و سەرەڕای ھەموو ئاستەنگەکان، بەڵام بە ئیرادەیەکی بەھێز و پاڵپشتیی سەرۆکی حکوومەت و کابینەی نۆیەم، بۆ یەکەم جار چەندین چاکسازی لە بواری دەرمان و پێداویستی پزیشکی کرا، بۆیە لە هەرێمی کوردستان شۆڕشێکمان لە بواری چاکسازی دەرمان و پێداویستی پزیشکیدا کردووە".

دەشڵێت: "ھاوردەکردنی دەرمان ھەر وا بە ئاسانی نییە و ھەر دەرمانێک بێتە ھەرێمی کوردستان، بەپێی کۆمەڵێک رێنمایی، پشکنینی بۆ دەکرێت ئەو کات رەزامەندی لەسەر دەدرێت و ستیکەری لێدەدرێت و دەکەوێتە بازاڕەوە، بۆیە ھەر وا بە ئاسانی دەرمان ناتواندرێت ھاوردەی ھەرێم بکرێت، چوونکە پێویستە سەرچاوەی دەرمانەکە دیار بێت و ئەگەر دیار نەبێت، ئێمە بە ھیچ شێوەیەک وەریناگرین".


ئەم بابەتە 82928 جار خوێندراوەتەوە