وەزیری تەندرووستی : ھەموو ڕێکارێکمان گرتووەتە بەر
پەیامی کورد ... وەزیری تەندرووستی : ھەموو ڕێکارێکمان گرتووەتە بەر
وەزیری تەندرووستی حکوومەتی ھەرێمی کوردستان ڕایدەگەێنێت، رێکاری تەواو بۆ رێگریکردن لە بڵاوبوونەوەی نەخۆشی تای خوێن بەربوون لە ھەرێمی کوردستان بە ھەماھەنگی لەگەڵ وەزارەتی کشتوکاڵ و عێراقیش گیراوەتە بەر و تا ئێستا تەنیا یەک حاڵەتی تۆمار کراو و حاڵەتێکی گومان لێکراومان ھەیە، بۆیە ھەموو رێگایەک دەگرینە بەر بۆ ئەوەی ئەو نەخۆشییە تەشەنە نەکات و داواکاریشین خاوەن ئاژەڵەکان خۆیان بپارێزن.
دکتۆر سامان بەرزنجی، وەزیری تەندرووستی حکوومەتی ھەرێمی کوردستان، ڕایگەیاند، نەخۆشی تای خوێن بەربوون، نەخۆشییەکی گوازراوەیە لە کەسێکەوە بۆ کەسێکی دیکە و سەرچاوەکەشی لە ئاژەڵەوەیە، ئێمە لەسەر ئەنجامەکان کار دەکەین و کۆنترۆڵ کردنیشی ئاسانە.
بەرزنجی ڕوونیشی کردەوە، ئێمە ساڵانە لە سەرەتای وەرزی زستان و کۆتایی وەرزی بەھار، بە ھاوبەشی لەگەڵ وەزارەتی کشتوکاڵ بۆ رێگریکردن لە تەشەنەنەکردنی پەتاکان ڕێکارەکان دەگرینە بەر و ئەمساڵیش بەھۆی ئەوەی ماوەی مانگێکە لە عێراق تای خوێن بەربوون بڵاوبووەتەوە و گیان لەدەستدان ھەبووە، ئێمە زیاتر ھەوڵەکانمان چڕ کردەوە بەھۆی ئەوەی ئەگەری ھەیە لای ئێمەش بڵاو ببێتەوە.
وەزیری تەندرووستی ھێما بۆ ئەوەش دەکات، پێش ١٠ رۆژ حاڵەتێکی گومان لێکراو ھەبوو، کە دەرچوو ئەو پەتایە نەبوو و یەک حاڵەتی ئەو نەخۆشییەش لە کۆیە ھەیە و حاڵەتێکی دیکەش ھەیە گومان لێکراوە و ھێشتا پشتڕاست نەکراوەتەوە، ئێمە لە شارەکانی ھەرێمی کوردستان ئامێری پشکنینمان ھەن و ئەگەر بزانین حاڵەتەکە پۆزەتیفە پشکنینی دیکەی بۆ دەکرێت و نموونەیەکیش بۆ عێراق رەوانە دەکەین، چوونکە ھەماھەنگیمان لەگەڵ بەغدا ھەیە.
دەشڵێ، چەند رێگایەک ھەن بۆ گواستنەوەی ئەم نەخۆشییە لە ئاژەڵەوە بۆ مرۆڤ، یەکەمیان لە رێگەی (گەنە)یە کە لە وەرزی گەرما دەردەکەون، بۆیە رشاندنی شوێنەکانی کێڵگەی ئاژەڵ گرینگە و ئەنجامی باشی ھەیە ساڵانە دەکرێت و ئەو گەنەیە نەخۆشییەکە بۆ مرۆڤ دەگوازرێتەوە، رێگای دیکەش بەرکەوتنی ڕاستەوخۆی مرۆڤ و ئاژەڵە، بۆیە پێویستە ئەوانەی ئاژەڵیان ھەیە دڵنیا بن ئاژەڵەکانیان کێشەیان نییە ئەوکات لە رێگەی ڤێتەرنەری پشکنینی بۆ بکرێت و لە کاتی پێویستدا سەرببڕدرێن.
د. سامان ئەوەشی خستەڕوو، رێگای سێیەم لە مرۆڤ بۆ مرۆڤەوەیە، ئەویش لە نەخۆشێک بۆ نەخۆشێکی دیکە، بۆیە ئێستا حاڵەتێکی دیکەی گومان لێکراومان ھەیە و ھەر حاڵەتێکی لەو شێوەیە ھەبێت، دەیبەن بۆ شوێنی نەخۆشییە گوازراوەکان و شوێنی تایبەتمان ھەیە ئەگەر گومان ھەبێت، بێگومان کۆمەڵێک رێنمایی ھەیە و پێویستە کۆمەڵێک نیشانەی ھەبێت و بزانین سەرچاوەی بەرکەوتنی لەگەڵ ئاژەڵ ھەیە، کە پاشان پشکنینی بۆ دەکرێت لە ماوەی ٢٤ کاتژمێر دەردەچێت و ھەر کاتێک دڵنیا بووین دەم ودەست رایدەگەێنین، بەڵام لەگەڵ گومانلێکراویش وەکو توشبوو سەیری دەکەین تا پشتڕاست دەبینەوە.
هاوکات دەشڵێ، ئەگەر لە ھەر شوێنێک حاڵەتێک ڕوو بدات، ئەوکات بەدوای حاڵەتی دیکەدا دەگەڕێین، ئەوانەی لە دەوروبەری ئەو کەسەی تووشبوون و ھەروەھا کەسی تووشبوو دەچێتە ژێر چاودێریی چڕ و تەنیا کارمەندانی تەندرووستی بە کۆمەڵێک رێکار سەردانی دەکەن و کەسی نزیک بۆی نییە سەردانی بکات، چوونکە رێژەی مردن بەو نەخۆشییە ٥٠%یە، بۆیە ئەمە دەمێنێتەوە لەسەر چەند حاڵەتێک وەکو بەرگری جەستەی کەسەکە و خوێن مەیین، کە چەندی زوو بگاتە نەخۆشخانە، باشتر چارەسەر دەکرێت و ئەگەر دوابخرێت چارەسەری زەحمەتتر دەبێت، بۆیە داواکارین خەڵک سەردانی ئەو جۆرە نەخۆشە نەکەن و ئەوەی لە کۆیە تووش بووە، ھیچ کەسێکی نزیکی تووش نەبووە و ئەوەی دووچاری نەخۆشییەکەش بووە، ئەویش تەندرووستی جێگیرە.
ئەم بابەتە 42 جار خوێندراوەتەوە