وەزیری دەرەوەی کەنەدا : پێشوازی لە جێبەجێکردنی باجەکانی ئەمریکا لەسەر چین دەکەین
پەیامی کورد ... وەزیری دەرەوەی کەنەدا : پێشوازی لە جێبەجێکردنی باجەکانی ئەمریکا لەسەر چین دەکەین
میلانیا جۆلی وەزیری دەرەوەی کەنەدا لە ٢٨ی شوبات ڕایگەیاند کە کەنەدا پێشوازی لە گفتوگۆکان دەکات سەبارەت بە خۆگونجاندن لەگەڵ باجەکانی ئەمریکا لەسەر چین.
ئاماژەی بەوەشکرد ، کەنەدا لە ئێستاوە باجی لەسەر هەندێک پارچەی هاوردەکراو لە چینەوە داناوە، هەروەها لەسەر ئۆتۆمبێلە کارەباییەکان.
ووتی : کاتێک باس لە ئەمریکا و نیگەرانییەکانی دەکرێت، ئێمە قسە دەکەین. "ئێمە بە تەواوی پێشوازی لە دانووستانە بازرگانییەکان دەکەین، لەنێویاندا سەبارەت بە چین".
جۆلی ئاماژەی بەوەشکرد، دەتوانێت لەگەڵ مارکۆ ڕوبیۆ، وەزیری دەرەوەی ئەمریکا قسە بکات، دۆمینیک لیبلان، وەزیری دارایی ئەمریکاش دەتوانێت گفتوگۆ لەگەڵ سکۆت بێسانت، وەزیری گەنجینەی ئەمریکا بکات.
دۆناڵد ترامپ، سەرۆکی ئەمریکا لەم دواییانەدا باجی 10%ی بەسەر کاڵا چینییەکاندا سەپاند کە هاوردە دەکرێن بۆ ئەمریکا. ئەم باجە جگە لەو باجەی 10% دەبێت کە لە 4ی شوبات دا سەپێندرابوو، کە هاوتەریب لەگەڵ باجەکانی پێشوو جێبەجێکرا.
بە ووتەی ترامپ، باجی نوێی 10% لە 4ی ئازارەوە دەچێتە بواری جێبەجێکردنەوە؛ هەمان ڕۆژ کە بڕیارە باجی 25% لەسەر کەنەدا و مەکسیک بچێتە بواری جێبەجێکردنەوە.
لە چاوپێکەوتنێکی ٢٨ی شوبات دا لەگەڵ تەلەفزیۆنی بلوومبێرگ، بێسانت داوای لە کەنەدا کرد خۆی لەگەڵ باجەکانی چین بگونجێنێت؛ هەنگاوێک کە پێشتر مەکسیک پێشنیاری کردبوو.
بێسانت ووتی : پێموایە یەکێک لە پێشنیارەکانی سەرنجڕاکێش کە حکوومەتی مەکسیک پێشکەشی کردووە، هاوتەریبکردنی خۆیەتی لەگەڵ باجەکانی ئەمریکا لەسەر چین.
پێموایە هەنگاوێکی باش دەبێت ئەگەر کەنەدیەکان هەمان شت بکەن. "بەم شێوەیە ئێمە 'قەڵای ئەمریکای باکوور'مان دەبێت لە بەرامبەر لافاوی هاوردەکردنی چین".
ماڵپەڕی بلوومبێرگ بڵاویکردووەتەوە، باجەکان لەسەر ئۆتۆمبێل و پارچەی درووستکراوی چینە.
هەروەها دۆگ فۆرد سەرۆک وەزیرانی ئۆنتاریۆ و دانیال سمیس سەرۆک وەزیرانی ئەلبێرتای ئەمریکا داوایان کردووە ئەمریکا باجەکانی لەسەر چین چڕبکاتەوە نەک لەسەر هاوپەیمانەکەی کەنەدا.
هەروەها دەیڤید مەکگوینتی وەزیری سەلامەتی گشتی کەنەدا لەم هەفتەیەدا گەشتێکی بۆ واشینتۆن کرد و تاوتوێی کارەکانی کەنەدای کرد بۆ بەهێزکردنی ئاسایشی سنوورەکان دژی ماددە هۆشبەرەکان. لە گەشتەکەدا کیڤن برۆسۆ، تزاری فێنتانیڵ و نوێنەرانی پۆلیسی سوارەکانی شاهانەی کەنەدا و دەزگای خزمەتگوزاری سنووری کەنەدا لەگەڵیدا بوون.
ئەندامانی شاندەکە لە میانی گەشتەکەدا کە لە ٢٨ی شوبات کۆتایی هات، لەگەڵ سیناتۆرەکان و بەرپرسانی باڵای کۆشکی سپی کۆبوونەتەوە.
ترامپ ڕایگەیاند، هەفتەی داهاتوو باج لەسەر کەنەدا و مەکسیک جێبەجێ دەکات. بڕیار بوو باجەکانی کەنەدا لە ٣ی شوباتەوە بچێتە بواری جێبەجێکردنەوە، بەڵام ترامپ دوای پەیوەندییەکی جەستن ترودۆ و بەڵێنەکەی کە زیاتر کار بکات بۆ بەهێزکردنی ئاسایشی سنوورەکان، بۆ ماوەی ٣٠ ڕۆژ دواخست.
کەنەدا پلانی ئاسایشی سنوورەکانی بە بڕی یەک ملیار و ٣٠٠ ملیۆن دۆلار ڕاگەیاند و لەسەر داوای ترامپ "تزارێکی فێنتانیڵ"ی دەستنیشان کرد. هەروەها ئەو ووڵاتە کارتێلەکانی ماددە هۆشبەرەکانی مەکسیکی وەک ڕێکخراوی تیرۆریستی خستووەتە لیستی ڕێکخراوەکانەوە.
هەروەها دەزگای خزمەتگوزاری سنووری کەنەدا کۆنتڕۆڵکردنی ماددە هۆشبەرە نایاساییەکانی ڕاگەیاندووە، لەوانە "ئۆپراسیۆنی بلیزارد" کە بە هاوکاری پۆلیسی سوارەکانی شاهانەی کەنەدا ئەنجام دەدرێت و ئامانجی کەمکردنەوەی بازرگانیکردنە بە ماددە هۆشبەرەکانە.
بەڵام ترامپ لە ٢٧ی شوبات دا ڕایگەیاند کە هێشتا ماددە هۆشبەرەکان لە ڕێگەی کەنەدا و مەکسیکەوە "دەڕژێنە ناو ئەمریکاوە".
ئەم بابەتە 63 جار خوێندراوەتەوە