وەزیری پێشووی داد : پێویستە لەمەودوا عێراق بڕیاری دادگا جێبەجێ بکات

پەیامی کورد   ...   وەزیری پێشووی داد : پێویستە لەمەودوا عێراق بڕیاری دادگا جێبەجێ بکات

وەزیری پێشووی دادی حکوومەتی ھەرێمی کوردستان ڕایدەگەێنێت، بڕیاری دادگای کەرخی بەغدا لەبارەی گرێبەستە نەوتییەکانی کۆمپانیاکانی ھەرێمی کوردستان زۆر گرینگ بوو، کە وا دەکات عێراق مامەڵە لەگەڵ گرێبەستەکانی کۆمپانیاکانی نەوت لە ھەرێمی کوردستان بکات، ئەمەش دەبێتە ھۆی ئەوەی کۆمپانیای دیکەش بێنە ھەرێمی کوردستان و لە کەرتی نەوتدا کار بکەن.

شێروان حەیدەری، وەزیری پێشووی دادی حکوومەتی ھەرێمی کوردستان، لە لێدوانێكی تایبەتدا ڕایگەیاندووە : "وەزارەتی نەوتی عێراق سکاڵای لەسەر گرێبەستە نەوتییەکانی کۆمپانیا نەوتییەکانی ھەرێمی کوردستان تۆمار کردبوو و سکاڵاکە لە بەرژەوەندی کۆمپانیاکانی ھەرێمی کوردستان یەکلا بووەوە و دادگا دوای گفتوگۆکردن، سکاڵای وەزارەتی نەوتی عێراقی ڕەت کردەوە، چوونکە گرێبەستە نەوتییەکانی ھەرێمی کوردستان ھەموویان یاسایین و ھیچ کێشەیەکیان نییە، بۆیە ئەمە ھەنگاوێکی گرینگە لە بەرژەوەندی ھەرێمی کوردستان و ئەو کۆمپانیا نەوتیانەی لە ھەرێمی کوردستان کار دەکەن.

حەیدەری ووتیشی : کێشەکە لە نێوان وەزارەتی نەوتی عێراق و کۆمپانیاکانی نەوت لە ھەرێمی کوردستان بوو، کە ئێستا ئەو سکاڵایە لە بەرژەوەندی کۆمپانیاکانی نەوتی ھەرێمی کوردستان یەکلا بووەوە و لەمەودوا پێویستە عێراق بڕیاری دادگا جێبەجێ بکات و ھەر کێشەیەک ھەبێت، ئیدی ناکرێت چارەسەر نەکرێت و پێویستە وەزارەتی نەوتی عێراق مامەڵە لەگەڵ گرێبەستەکانی کۆمپانیاکانی بواری نەوت بکات، بۆیە بڕیاری وەزارەتی نەوتی عێراقی بۆ ھەڵوەشاندنەوەی گرێبەستە نەوتییەکانی ھەرێمی کوردستان، ڕەت کردووەتەوە.

وەزیری پێشووی دادی حکوومەتی ھەرێمی کوردستان دەشڵێ: "ئەو بڕیارەی دادگا، دەبێتە ھەنگاوێکی باش بۆ پاڵپشتی کردن لە گرێبەستی کۆمپانیا نەوتییەکانی ھەرێمی کوردستان و ھانی کۆمپانیاکان دەدات بێن لە ھەرێمی کوردستان لە کەرتی نەوت دا کار بکەن، لەبەر ئەوەی ھەموو گومانەکانی دژی گرێبەستە نەوتییەکان رەواندەوە، بۆیە دادگا بڕیاری خۆی دا و ئەو کێشەیەی چارەسەر کرد.


ئەم بابەتە 97 جار خوێندراوەتەوە