١٢ ئەندامی ئەنجوومەنی نوێنەرانی ئەمریکا داوای ڕوونكردنەوە لە بلینكن سەبارەت بە دەربڕینی هاوخەمی بۆ گیان لە دەستدانی ئیبراهیم ڕەئیسی دەكەن

پەیامی کورد    ...   ١٢ ئەندامی ئەنجوومەنی نوێنەرانی ئەمریکا داوای ڕوونكردنەوە لە بلینكن سەبارەت بە دەربڕینی هاوخەمی بۆ گیان لە دەستدانی ئیبراهیم ڕەئیسی دەكەن

١٢ ئەندامی کۆماریخوازی ئەنجوومەنی نوێنەرانی ئەمریکا لە نامەیەکدا بۆ ئانتۆنی بلینکێن، وەزیری دەرەوەی ئەم ووڵاتە، وێڕای ئاماژە بە بەشێک لە پێشینە دڕندانەکانی ڕەئیسی لە پێشێلکردنی مافەکانی مرۆڤ و سەرکوتکردنی خەڵک، داوای ڕوونکردنەوە سەبارەت بە دەربڕینی هاوخەمی بۆ مردنی ڕەئیسی یان کرد.

ئەم نوێنەرانە داوایان کردووە کە تا ٥ی ژوئەن ووڵامی پرسیارەکانیان بداتەوە.
لە نامەکەدا هاتووە کە ڕەئیسی "بەهۆی هەڵسوکەوتی دڕندانەی بەرامبەر بە خەڵکی ئێران زیاتر بە قەسابی تاران ناو دەبرێت. ناوبراو لە لیستی تێرۆریستی ئەمریکادا بوو و لەلایەن وەزارەتی گەنجینەی ئەمریکاوە سزای بەسەردا سەپێندرا.

ئەم ١٢ نوێنەرە بە ئاماژە بە ڕۆڵی ئیبراهیم ڕەئیسی لە "سەرکوتەکانی ساڵانی ١٣٦٠"، "ئیعدامکردنی هەزاران زیندانیی سیاسی" و "سەرکوتکردنی ناڕەزایەتییەکانی دوای شەهیدبوونی ژینا ئەمینی"، جەختیان كردەوە كە دەربڕینی هاوخەمی بۆ کەسێکی لەو جۆرە جێگەی شەرمەزارییە.


ئەم بابەتە 46458 جار خوێندراوەتەوە