٢٦٠ دووکانداری بازاڕی چەلێ سكاڵایان تۆمار كردووە

پەیامی کورد    ...   ٢٦٠ دووکانداری بازاڕی چەلێ سكاڵایان تۆمار كردووە

سەرۆکی سەندیکای کرێکارانی كوردستان/ لقی دھۆک ڕایگەیاند : ٢٦٠ دووکانداری بازاڕی چەلێ سکاڵا لەسەر ئەو کەسانە تۆمار دەکەن كە ئاگریان لە بازاڕەکە بەرداوە، حکوومەتی ھەرێمی کوردستانیش ھاوکاری ماددی پێشکەشی زیان لێكەوتووان کردووە. 

ووڵات ئۆزمانی، سەرۆکی سەندیکای کرێکارانی كوردستان/ لقی دھۆک، لە لێدوانێكی تایبەتدا ڕایگەیاندووە : لە ڕووداوی ئاگرکەوتنەوەی بازاڕی چەلێ لە پارێزگای دھۆک، ٢٦٠ دووکان زیانیان بەركەوتووە، ئەو خاوەن دووكانانەش سکاڵایان تۆمار كردبوو، چونكە تۆمەتبار دیار نەبوو، حکوومەتی ھەرێمی کوردستانیش لەسەر ئەو کەیسە سێ تۆمەتباری بە فەرمی ڕاگەیاند کە بازاڕەکەیان سووتاندووە. 

ئەوەشی خستەڕوو : ڕۆژی چوارشەممە ئێمە وەک سەندیکا، بە واژووی دووكانداران، سکاڵا لە دادگا لەسەر ئەو سێ تۆمەتبارە تۆمار دەکەین، لە سکاڵاکەش دوو داواکاریمان دەبێت، یەکێک قەرەبووکردنەوەی زیان لێکەوتووان، دووەمیش دادگایی کردنی تۆمەتباران لەسەر ئەو کارەی كردوویانە، لەبەر ئەوەی ئێستا ناوی تۆمەتباران دیارە و دیاریشە کێ لەپشت ئەو کارە بووە.

سەرۆکی لقی دهۆكی سەندیکای کرێکاران گوتیشی: بۆ نۆژەنکردنەوەی بازاڕیش، ھەندێک ڕێکاری ئیداری ھەن پێویستە تەواو بکرێن، پێویستە چەند بینایەک بڕوخێندرێت کە نزیکەی پێنج بینا دەبن، تا ئەوان خاپوور نەکرێن، ناتواندرێت دوکانەکان نوێبکرێنەوە، دەنا لەکاتی خاپوورکرندا زیانیان پێدەکەوێت، چونکە بازاڕەکە کۆنە، بۆیە چاوەڕێی تەواوکردنی ڕێکارەکانین.

وڵات ئۆزمانی ڕوونیکردەوە: زیانی سەر ئەو ٢٦٠ دووکانە گەیشتووەتە ھەشت ملیار دینار و سەرۆکی حکوومەتی ھەرێمی کوردستان چوار ملیار دیناری وەکو ھاوکاری بە دووکانداران داوە نەک وەکو قەرەبووکردنەوە.

پێشتر میقداد میری، وتەبێژی وەزارەتی ناوخۆ و شانەی ڕاگەیاندنی ئەمنیی عێراق، لە ١-٧-٢٠٢٤، لە کۆنفڕانسێکی ڕۆژنامەوانیدا ڕایگەیاند: ئەو کەسانەی بە تۆمەتی سووتاندنی بازاڕەکانی هەولێر، دهۆک، کەرکووک و ناوچەکانی دیکەی هەرێمی کوردستان دەستگیر کراون، ئەندامی پەکەکەن. 

ئاشکراشیکرد: سێ کەس دەستگیر کراون کە لە قەندیل و سلێمانی پەروەردە کراون و پەیوەندییان بە پەکەکەوە هەیە. 

میقداد میری، وتەبێژی وەزارەتی ناوخۆی عێراق ڕایگەیاند: لە کۆتایی ساڵی ٢٠٢٣ و سەرەتای ساڵی ٢٠٢٤دا، بازاڕەکانی کەرکووک، دهۆک و هەولێر ئاگریان تێبەردرا و دەرکەوت کە تۆڕێکی ترسناک لە پشت ئەم ڕووداوانەوەیە.

گوتیشی: ئۆپەراسیۆنی دەستگیرکردنەکە بە هەماهەنگییەکی بەرز ئەنجامدراوە، چونکە ٢ لە تۆمەتبارەکان لە پارێزگای کەرکووک دەستگیر کران، تۆمەتبارێکی دیکەش لە پارێزگای دیالە دەستگیر کراوە.

میری لە درێژەی لێدوانەکەیدا دەشڵێت: دوای ئاگرکەوتنەوەکەی کەرکووک، دهۆک و هەولێر، تیمێک بە سەرپەرشتی محەممەد شەیاع سوودانی سەرۆکوەزیران و عەبدولئەمیر ئەل ـ شەممەری وەزیری ناوخۆ پێکهێنرا. 

لە کۆنگرە ڕۆژنامەوانییەکەدا هێمن میرانی، بەڕێوبەری گشتی دیوانی وەزارەتی ناوخۆی هەرێمی کوردستان ڕایگەیاند: مەبەست لەم ئاگرخستنەوانە، تێکدانی ئابووری خەڵک و هەروەها زیانگەیاندنە بە نان و قووتی خەڵک، دەیانەوێ بەم شێوەیە پەیوەندییەکانی نێوان خەڵک و حکوومەت تێکبدەن و خەڵک لە حکوومەت تووڕە بکەن. 

 

 


ئەم بابەتە 19577 جار خوێندراوەتەوە