پارێزگاری هەولێر : نۆژەنکردنەوەی بازاڕی قەیسەری بەخێرایی بەڕێوە دەچێت و سێ شیفت کاری تێدا دەکرێت
پەیامی کورد ... پارێزگاری هەولێر : نۆژەنکردنەوەی بازاڕی قەیسەری بەخێرایی بەڕێوە دەچێت و سێ شیفت کاری تێدا دەکرێت
پارێزگاری هەولێر ڕایگەیاند، پرۆسەی نۆژەنکردنەوەی بازاڕی قەیسەری بە خێرایی بەڕێوە دەچێت، تاوەکوو کاسبکاران بتوانن زووتر بگەڕێنەوە سەر کارەکانیان.
ئومێد خۆشناو، پارێزگاری هەولێر لە کۆنگرەیەکی ڕۆژنامەوانیدا ڕایگەیاند، کاتێک بازاڕی قەیسەری هەولێر سووتا، ڕۆژێک دواتر، سەرۆکوەزیران مەسروور بارزانی، سەردانی قەیسەری کرد و ئێمەی لە دامەزراوە پەیوەندارەکان ڕاسپارد کە بەزووترین کات دەست بە نۆژەنکردنەوەی بەشە سووتاوەکەی بکەین.
ووتیشی : ئێمە بە تەندەر پڕۆژەکەمان ڕاگەیاند بۆ ئەوەی بەخێرایی پرۆسەی نۆژەنکردنەوەکە دەست پێ بکرێت، بەوهۆیەوەش پرۆژەکە بە دوو کۆمپانیا درا، تاوەکوو بتوانن بە باشترین شێوە و لەزووترین کاتدا بازاڕەکە نۆژەن بکرێتەوە.
پارێزگاری هەولێر باسی لەوەش کرد، هەردوو کۆمپانیاکە، ڕۆژێک دوای وەرگرتنی تەندەرەکە دەستیان بە کارەکانی خۆیان کرد، ئێستا پرۆسەکە زۆر بەخێرایی بەڕێوە دەچێت و سێ شیفت کاری تێدا دەکرێت هەروەها لە ڕۆژانی پشووشدا کاری تێدا دەکەن.
ئومێد خۆشناو ئاماژەی بەوەش دا، ئەمڕۆ سەردانی پرۆسەکەمان کردووە تاوەکوو دڵنیایی بە کاسبکاران بدەین کە ئەو پرۆژەیە لە ماوەی یاسایی خۆی زووتر تەواو دەبێت، دەشڵێ، ماوەی یاسایی تەواکردنی پرۆسەکە ساڵێکە بەڵام ئەوەی ئێمە بەدواداچوونمان بۆ کردووە بە نیوەی ئەوکاتە واتە بە شەش مانگ نۆژەنکردنەوەکە تەواو دەکرێت.
ڕاشیگەیاند، گوژمەی تەخانکراو بۆ نۆژەنکردنەوەی بازاڕی قەیسەری پێنج ملیار و 300 ملیۆن دینارە و جەختیش دەکەینەوە، بۆ هاوکاریکردنی کاسبکاران لە پارەی زبڵ و خاشاک و تابلۆ و باجی سەدا 50 بۆ ساڵی 2023 و %100ی ساڵی 2024 خۆش دەبین.
ئەم بابەتە 29568 جار خوێندراوەتەوە