پشتیوان سادق : ئایندەی گەش ھەر بۆ کوردستانە

پەیامی کورد   ...   پشتیوان سادق : ئایندەی گەش ھەر بۆ کوردستانە

لە دیدارێکدا دکتۆر پشتیوان سادق ئەندامی مەکتەبی سیاسی و بەرپرسی مەکتەبی ڕێکخستنی پارێزگای ھەولێر لەگەڵ ژمارەیەک مامۆستای خۆبەخشی ئایینی، لە سنووری شاری ھەولێر کۆبوونەوە.

ئەمڕۆ یەکشەممە ٢٤ ⁄ ٣ ⁄ ٢٠٢٤، دکتۆر پشتیوان سادق ئەندامی مەکتەبی سیاسی و بەرپرسی مەکتەبی ڕێکخستنی پارێزگای ھەولێر، لەگەڵ ژمارەیەک مامۆستایی خۆبەخشی بەڕێزی ئایینی، لە سنووری ناوەندی شاری ھەولێر کۆبوونەوە و دیدارێکی کراوەییان ئەنجامدا. 

لە دیدارەکەدا دکتۆر پشتیوان سادق دەستخۆشی ئاراستەی مامۆستایانی بەڕێز کرد، کە خۆبەخشانە و بێ بەرامبەر خزمەتی ئایینی پیرۆزی ئیسلام و کوردستان دەکەن، ھەروەھا لەنێو مزگەوتەکاندا بەوپەی گیانی ھاوکاری و خۆبەخشیەوە لەگەڵ خەڵک و ڕۆژوەواناندان.

بەرپرسی مەکتەبی ڕێکخستنی پارێزگای ھەولێر، لە بەشێکی تری قسەکانیدا، ئاماژەی بە دوایین گۆڕانکارییە سیاسیەکانی عێراق کرد و، ڕایگەیاند بە ناڕەوا و دوور لە یاسا و دەستوور مافە ڕەواکانی گەلەکەمان و شایستە داراییەکانی مووچەخۆران و ھاووڵاتیانیان زەوت دەکرێت، بۆیە لەسەر ھەموولایەک پێویستە بەگیانی نیشتمانیانەوە، بەرامبەر ئەو ستەمە بوەستنەوە، کە بەناڕەوا دەکرێتە سەر مافەکانی خەڵکی کوردستان. 

دکتۆر پشتیوان لە تەوەرێکی تری قسەکانیدا، ڕایگەیاند ھەمیشە مامۆستایانی ئایینی بەگیانی بەرپرسیارانەوە مامەڵەیان کردووە، کە ئەمەش بەشێکە لەئەرکی ئایینی و نیشتمانی، بۆیە پێویستە بەرامبەر بە پێنەدانی مافی شەرعی مووچەخۆرانی کوردستان لەلایەن عێراقەوە، دەنگ ھەڵبڕین و داوای مافە یاسایی و شەرعیەکانمان بکەین، چوونکە ئەوەی پێویست بوو لە سەر حکوومەتی ھەرێمی کوردستان، جێبەجێی کردووە، بە دڵنیاییشەوە، پشت بە خوای گەورە و ئیرادەی بەھێزی خەڵکە سەربەرزەکەمان، ئایندەی گەش ھەر بۆ کوردستانە.


ئەم بابەتە 10264 جار خوێندراوەتەوە