"پلان بۆ چارەکردنی کێشەی کەم ئاوی دھۆک دانراوە"
پەیامی کورد ... "پلان بۆ چارەکردنی کێشەی کەم ئاوی دھۆک دانراوە"
بەڕێوبەری ئاوی دھۆک ڕایگەیاند : پلان بۆ جێبەجێکردنی پڕۆژەیەکی گەورەی ئاو دانراوە و بە جێبەجێکردنی ئەو پڕۆژەیە کێشەی کەم ئاوی لە دھۆک بە تەواوی چارە دەبێت، ئێمە ھەموو ڕێکارەکانی خۆمان تەواو کردووە.
ئەندازیار ڤەگێر ئەحمەد، بەڕێوبەری ئاوی دھۆک ڕایگەیاند : لە پارێزگای دھۆک بە ھەماھەنگی لەگەڵ ڕێکخراوی یوونیسێف دیراسەتکردنی پڕۆژەیەکی ستراتیژی بواری ئاو ئامادەکراوە و تێچووی پڕۆژەکەش بە ٧٠ملیۆن دۆلار خەمڵێندراوە و پلان بۆ جێبەجێکردنی پڕۆژەکە دانراوە و دەرخستەشمان داوەتە پارێزگای دھۆک بۆ ئەوەی ڕەوانەی ئەنجوومەنی وەزیران بکرێت، ئەگەر ڕەزامەندی بدرێت و پارەی پێویست تەرخان بکرێت دەست بە جێبەجێکردنی پڕۆژەکە دەکرێت، ئێستا عێراق گرفتی دارایی بۆ ھەرێمی کوردستان درووست کردووە ئەگەر نا حکوومەتی ھەرێمی کوردستان ھەمیشە بۆ ئەنجامدانی پڕۆژە و خزمەتکردنی خەڵک ئامادەیە، بۆیە ئەو پڕۆژە گرینگە وا چاوەڕێ دەکەین حکوومەت ڕەزامەندی بدات و بکەوێتە بواری جێبەجێکردنەوە و کێشەی ئاوی دھۆک بە تەواوی چارە ببێت.
ئەندازیار ڤەگێر ئەحمەد ووتیشی: پڕۆژەکە گرنگ و فراوانە و ئاو بۆ ھەموو دھۆک دابین دەکرێت، ئەگەر ئەو پڕۆژەیە تەواو بێت بۆ نزیکەی دەیان ساڵی دیکە کێشەی کەم ئاویمان نابێت، بۆیە گەشبینین حکوومەت توانای دارایی باش بێت دەست بە جێبەجێکردنی پڕۆژەکە دەکرێت و گرفتی کەم ئاوی چارە دەبێت.
دەشڵێت: ئەو پڕۆژەیە زۆر گرنگە و دەبێتە ھۆی ئەوەی زیاتر پشت بە ئاوی سەر زەوی ببەستین لەجیاتی ئاوی ژێر زەوی، چونکە بیرێکی زۆر لێدراوە، ئەو کات کێشەی وشکبوون و کەمبوونی ئاوی بیریشمان نامینێت، بۆیە بەجددی کاری دەکەین بۆ ئەوەی پڕۆژەکە جێبەجێ بکرێت و بکەوێتە خزمەت ھاووڵاتییانی پارێزگای دھۆک.
ئەم بابەتە 29854 جار خوێندراوەتەوە