پهیامى نێچیرڤان بارزانى سەرۆکی هەرێمی کوردستان له ڕۆژی جیهانی بنبڕکردنی تووندوتیژی دژی ئافرەتان
پەیامی کورد ... پهیامى نێچیرڤان بارزانى سەرۆکی هەرێمی کوردستان له ڕۆژی جیهانی بنبڕکردنی تووندوتیژی دژی ئافرەتان
نێچیرڤان بارزانی، سەرۆکی هەرێمی کوردستان پهیامێکی له ڕۆژی جیهانی بنبڕکردنی تووندوتیژی دژی ئافرەتاندا بڵاوکردەوە و، دەڵێت، ئافرەتان دڵنیا دەکەینەوە کە بەردەوام دەبین لە کارکردن بۆ نەھێشتنی ھەموو جۆرەکانی تووندوتیژی و جیاکاری بەرانبەر ئافرەتان.
دەقی پهیامى سەرۆکی ھەرێمی کوردستان.
لە ڕۆژی جیھانی بنبڕکردنی تووندوتیژی دژی ئافرەتاندا، پابەندیمان بە پاراستنی مافەکانی ژنان لە کوردستان نوێ دەکەینەوە، ھەروەھا دڵنیایان دەکەینەوە کە بەردەوام دەبین لە کارکردن بۆ نەھێشتنی ھەموو جۆرەکانی تووندوتیژی و جیاکاری بەرانبەر ئافرەتان. تواناسازی و بەھێزکردنی پێگەی ژن، بەردی بناغەی بنیاتنانی کۆمەڵگەیەکی دادپەروەرتر و پێشکەوتووترە.
ھەرێمی کوردستان پێشەنگ بووە لە پشتگیریکردنی مافەکانی ئافرەت و دابینکردنی دەرفەت بۆ بەشداریکردنیان لە ژیانی سیاسی و کارگێڕی بە یەکسانی لەگەڵ پیاودا. ئێمە باوەڕمان وایە کە ژن نەک تەنھا ھاوبەشێکی سەرەکییە لە بڕیاردان، بەڵکوو بنەمایەکە بۆ گۆڕانکاری و گەشەپێدانی بەردەوام.
لەم ڕۆژەدا، داوای ھاوکاری زیاتر دەکەین لەنێوان دامەزراوە حکوومییەکان، ڕێکخراوەکانی کۆمەڵگەی مەدەنی و میدیاکاندا، بۆ بڵاوکردنەوەی زیاتری ھۆشیاری و بەھێزکردنی بەھاکانی لێبوردەیی و یەکسانی. ھەروەھا جەخت دەکەینەوە کە بنبڕکردنی تووندوتیژی دژی ئافرەتان، پێویستی بە ھەوڵی ھاوبەشی ھەمووانە بۆ دڵنیابوون لە بنیاتنانی داھاتوویەکی گەش و ئارام بۆ ھەموو تاکەکانی کۆمەڵگە.
ھەر لەم بۆنەیەدا بەڵێن بە ئافرەتانی کوردستان دەدەین کە بێ وچان بەردەوام دەبین لە کارکردن بۆ بەدیھێنانی دادپەروەری و یەکسانی و بەھێزکردنی تواناکانیان بۆ جێبەجێکردنی ڕۆڵی گرینگیان لە خزمەتکردن و بونیاتنانی ووڵاتدا.
نێچیرڤان بارزانی
سەرۆکی ھەرێمی کوردستان
٢٥ی نۆڤبەری ٢٠٢٤
ئەم بابەتە 97 جار خوێندراوەتەوە