په‌یامى نێچیرڤان بارزانى سەرۆکی ھەرێمی کوردستان ، بۆ ساڵى نوێ
پەیامی کورد ... په‌یامى نێچیرڤان بارزانى سەرۆکی ھەرێمی کوردستان ، بۆ ساڵى نوێ
به‌بۆنه‌ى هاتنى ساڵی نوێی 2025ی زایینیەوە، گەرمترین پیرۆزبایی ئاراسته‌ى ته‌واوى هاووڵاتییانى ئازیزى کوردستان دەکەم، بەتایبەتی بنەماڵەی سەربەرزی شەهیدان، پێشمەرگە قارەمانەکان، هێزەکانی ناوخۆ و هەموو پێکهاتەکانی كوردستان، هه‌روه‌ها پیرۆزبایى له ته‌واوى گه‌لانى عێراق و جیهان ده‌كه‌م. هیوادارم ساڵى نوێ، بۆ هه‌مووان ساڵێکی پڕ لە ئاشتی، سەقامگیری، گەشەسەندن و خێر و خۆشى بێت.
ساڵی 2024 گۆڕانکاری و وەرچەرخانی گەورە لە ناوچەکه‌دا هاتنه ئاراوه كه ئاڵنگاری ئەمنی و سیاسی‌یان، کاریگەری لەسەر دۆخى هه‌موو ناوچەکە درووست كردووه. ئەم پێشهاتانە پێویستی بیركردنه‌وه‌یه‌كى باڵا و پته‌وكردنى ته‌بایى و یه‌كده‌نگی ناوخۆییمان لێ ده‌خوازن بۆ ڕووبەڕووبوونەوەی ئەو مەترسییانەی هەڕەشە لە ئاسایش و سەقامگیری ده‌کەن، هه‌روه‌ها بۆ سوودوه‌ر‌گرتن له ده‌رفه‌ته‌كان.
لەم ڕوانگه‌یه‌وه، داوا لە هەموو لایه‌نه سیاسییەکان و پێکهاتەکانی کوردستان دەکەم هه‌مووان پێكه‌وه كار بكه‌ن بۆ تێپه‌ڕاندنى ناكۆكییه‌كان و بە گیانی بەرپرسیارییه‌تی نیشتمانی هاوبه‌شەوە، به‌ره‌و داهاتوو هه‌نگاو بنێن. له‌م دۆخ و قۆناغه‌دا، پێكه‌وه‌یى و کاری هاوبەش تەنها ڕێگەیە بۆ بەهێزکردنی پێگەی هەرێمی کوردستان و دەستەبەرکردنی مافە ڕەواکانمان، بۆیه جه‌خت له گرنگیى په‌له‌كردن له دامه‌زراندنى كابینه‌ى نوێى حكوومه‌تى هه‌رێمى كوردستان ده‌كه‌مه‌وه.
هەر به‌م بۆنه‌یه‌وه پابەندی هه‌رێمى كوردستان بۆ کارکردن لەگەڵ حکوومەتی عێراقی فیدراڵ و هاوبەشە هه‌رێمی و نێودەوڵەتییەکانمان بۆ به‌ره‌نگاربوونه‌وه‌ى ئاڵنگارییە هاوبەشەکان و دۆزینەوەی چارەسەری هەمیشەیی بۆ كێشه‌كان دووپات ده‌كه‌مه‌وه. هاوكاری نێوانمان ده‌بێته هۆكارێكى سه‌قامگیرى و ئاشتی و گەشەسەندن لە عێراق و ناوچەکەدا و یارمه‌تی پێكه‌وه‌ژیانى ئاشتییانه‌ى گه‌لان و پێكهاته‌كانى ناوچه‌كه ده‌دات.
هه‌رێمى کوردستان به ویست و ئیرادەی دڵسۆزانه‌ى گەلەکەی له هه‌موو پێكهاته‌كان و هێزه نیشتمانییه‌كانى، توانای تێپەڕاندنی ئاڵنگارییەکان و بەردەوامبوونی لە بونیاتنانی داهاتوویەکی باشتر بۆ نەوەکانی داهاتوو هەیە. با به هیوا و ئومێده‌وه ساڵی نوێ بکەینە دەرفەتێک بۆ کاری جددی و بەدیهێنانی ئاواتەکانی گەلەکەمان.
ساڵی نوێ له هه‌مووان پیرۆز بێت.
نێچیرڤان بارزانی
سەرۆکی هەرێمی کوردستان
ئەم بابەتە 89 جار خوێندراوەتەوە