په‌یامی سەرۆکی ھەرێمی کوردستان، ده‌رباره‌ی ده‌ستپێکردنی بانگه‌شه‌ی هه‌ڵبژاردن
پەیامی کورد ... په‌یامی سەرۆکی ھەرێمی کوردستان، ده‌رباره‌ی ده‌ستپێکردنی بانگه‌شه‌ی هه‌ڵبژاردن
ئێواره‌ی سێشه‌ممه 2024/9/24 نێچیرڤان بارزانی، سه‌رۆکی هه‌رێمی کوردستان، بەبۆنەی ده‌ستپێکردنی بانگه‌شه‌ی هه‌ڵبژاردنی خولی شه‌شه‌می په‌رله‌مانی کوردستانەوە، په‌یامێکی ته‌له‌ڤزیۆنی بڵاوکرده‌وه، ئه‌مه ده‌قه‌که‌یه‌تی :
هاووڵاتییانى خۆشه‌ویستى كوردستان،
لایه‌نه سیاسییه‌كان،
لیست و كاندیدانى به‌ڕێز،
ئه‌م كاته‌تان باش..
سبه‌ى بانگه‌شه‌ى هه‌ڵبژاردنى خولى شه‌شه‌مى په‌رله‌مانى كوردستان ده‌ست پێده‌كات. داوا له هه‌موو لایه‌ك ده‌كه‌م پابه‌ندى یاسا و ڕێنمایییه‌كانى كۆمیسیۆنى باڵاى سه‌ربه‌خۆى هه‌ڵبژاردنه‌كان بن. بانگه‌شه‌یه‌كى ئارام و شارستانى به‌ڕێوه ببه‌ن و بەرنامەی هەڵبژاردن كه جێی متمانه و چاوەڕوانیی خەڵکی هەرێمی کوردستان بێت، پێشکەش بکەن.
بانگه‌شه‌یه‌ك بێت، نەبێتە مایەی گرژی نێوان لایه‌نه‌كان و دابه‌شكردنى كۆمه‌ڵگه. وێنه‌یه‌كى جوانى هه‌رێمى كوردستان نیشان بدات و ڕه‌نگدانه‌وه‌ى كولتوورى ده‌وڵه‌مه‌ندى پێكه‌وه‌ژیان و یه‌كترقبووڵكردن و فره‌ڕه‌نگی كۆمه‌ڵگه‌ى كوردستان و پێكهاته‌كانى بێت.
ئامانجەکانی خەڵکی هەرێمی کوردستان گەورەن و زەمینەیەکی فراوانی ململانێی شارستانی لەنێوان لایەنەكان و لیست و كاندیده‌كاندا هەیە. هه‌مووان ئازادن له‌وه‌ى پڕۆپاگه‌نده بۆ سیاسه‌ت و به‌رنامه‌كانیان بكه‌ن، ڕه‌خنه بگرن، به‌ڵام ده‌بێت هیچ كه‌س و لایه‌نێك ڕێگه به خۆى نه‌دات ڕق و كینه بڵاو بكاته‌وه.
لێره‌دا به‌تایبه‌تى جه‌خت له پێویستی پاراستنى ڕێز و پێگه‌ى ئافره‌ت ده‌كه‌مه‌وه. پاراستنی ژنان بەگشتی و کاندیدبوونیان بۆ هه‌ڵبژاردنى په‌رله‌مان، پێوەرێکی گرینگە بۆ هەرێمی کوردستان.
لایه‌نه سیاسییه‌كان و كاندیدان، دوژمنى یه‌كتر نین، به‌ڵكوو ڕكابه‌رى سیاسی یه‌كترن. هه‌موویان لە کوردستانیبووندا هاوبەش و هەموومان چارەنووسمان پێکەوەیە. بۆیه ئه‌ركى هەمووانه پێکەوە هەوڵ بدەین پرۆسەیەکی دیموکراتی بە شێوەیەکی ئاشتییانە بەڕێوە ببەین.
دوای هەڵبژاردن براوەکان دەبێت جارێکی تر پێکەوە دابنیشنەوە بۆ پێکهێنانی حکوومەت، ئەوانەی دەبنە ئۆپۆزسیۆنیش، هەر دەبێت لە بواری یاسادانان و چاودێریکردندا، هەڵسوکەوت لەگەڵ حکوومەت و دامەزراوەکانی هەرێمی کوردستان بکەن.
پێکەوەژیانی ئاشتییانەی هەموو نەتەوە و ئایینەکان، ڕوویه‌كى گه‌ش و بنەمایەکی بەهێزی سەرکەوتنی هەرێمی کوردستانە. هەموومان پێکەوە، خاوەنی هەموو دەستکەوت و پێشکەوتنەکانی کوردستانین. پاراستنى ئه‌و پێكه‌وه‌ژیانه، ئه‌ركى هه‌موومانه.
بۆیه پێویسته له بانگه‌شه‌ى هه‌ڵبژاردندا ڕێز له پیرۆزى و هێما و سیمبۆلى كوردستان و هه‌موو پێكهاته‌كانى بگیرێت. ئێمه پشتیوانى لە ئیرادەی ئازادی هەموو پێکهاتەکانی هەرێمی کوردستان دەکەین. دامودەزگا و لایەنە ئەمنییەكانیش، ده‌بێت پارێزگاری لە بەڕێوەچوونی ئاشتییانە و بێ كێشەی بانگەشه‌ى هه‌ڵبژاردن بكەن.
كوردستانییانى ئازیز،
ئێمه له سه‌رۆكایه‌تی هه‌رێمى كوردستان، ماوه‌یه‌كى زۆر له‌گه‌ڵ لایه‌نه سیاسییه‌كان بۆ نه‌هێشتنى ناكۆكى له‌سه‌ر هه‌ڵبژاردن خه‌ریكى گفتوگۆ بووین. هه‌رگیز له‌گه‌ڵ دواخستیندا نه‌بووین، به‌ڵام له‌پێناو به‌رژه‌وه‌ندی باڵاى هه‌رێمى كوردستان و بۆ ئه‌وه‌ى هه‌ڵبژاردن به به‌شداری هه‌موو لایه‌نه سیاسییه‌كان و پێكهاته‌كان به‌ڕێوه بچێت، به ناچارى چه‌ند جارێك دوامانخست.
سوپاس و پێ‌زانین بۆ حکوومەتی فیدراڵ، بۆ به‌ڕێز سەرۆک وەزیران سوودانی، هه‌روه‌ها بۆ فایق زێدان سه‌رۆكى ده‌سه‌ڵاتى دادوه‌ری عێراق کە هاوکارێکی تەواو بوون، بۆ نەهێشتنی هەموو کێشەکانی بەردەم ڕێکخستن و ئامادەکارییەکانى هەڵبژاردن.
سوپاس و پێ‌زانین بۆ هاوكاری کۆمیسیۆنی سەربەخۆی هەڵبژاردنەکان، دۆستانمان له کۆمەڵگەی نێودەوڵەتی، نوێنەرانی نەتەوە یەکگرتووەکان و وڵاتان لە عێراق و هەرێمی کوردستان، بۆ هاوكارى و په‌رۆشییان بۆ ئه‌نجامدانى هه‌ڵبژاردن.
هاووڵاتییانی ئازیز،
سه‌نگ و پتەوبوونی پێگه‌ى هه‌رێمى كوردستان و نوێبوونەوەی ڕه‌وایه‌تی دامه‌زراوه‌كانمان، به ئه‌نجامدان و سه‌ركه‌وتنى هه‌ڵبژاردنێكى پاك و ئازاده‌وه به‌نده. بۆیه له هه‌موو شوێنێك چاوى دۆستانمان له‌سه‌ر ئه‌م هه‌ڵبژاردنه‌یه و ئه‌ركى هه‌موومانه پێكه‌وه كار بۆ سه‌ركه‌وتنى بكه‌ین.
هه‌ڵبژاردنى په‌رله‌مانێكى به‌هێز، ده‌رفه‌ت و یارمه‌تیده‌رێكى گرینگه بۆ پته‌وكردنى سیستمى دیموكراسى و دامه‌زراوه‌یى و چاكسازى، هه‌روه‌ها بۆ پاراستنى هه‌رێمى كوردستان و جێبه‌جێكردنى سیستەمى فیدراڵى و مسۆگه‌ركردنى مافه ده‌ستوورییه‌كانى گه‌لى كوردستان.
به هیواى بانگه‌شه‌یه‌كى ئارام و سه‌ركه‌وتنى هه‌ڵبژاردن.
كاتێكى خۆش بۆ هه‌موو لایه‌كتان ده‌خوازم
ئەم بابەتە 51143 جار خوێندراوەتەوە