پووتین پەیوەندی تەلەفۆنی لەگەڵ شازادەی جانشینی سەعوودیە ئەنجام دەدات

پەیامی کورد   ...   پووتین پەیوەندی تەلەفۆنی لەگەڵ شازادەی جانشینی سەعوودیە ئەنجام دەدات

بن سەلمان لەگەڵ سەرۆک کۆماری ڕووسیا تاوتوێی یەمەن و ئۆکراینی کرد.
بەشی پەیوەندییە گشتییەکانی کرێملین (شەممە) پەیوەندییەکی تەلەفۆنی نێوان ڤلادێمیر پووتین، سەرۆکی ڕووسیا و محەمەد بن سەلمان شازادەی جانشینی سەعوودی ڕاگەیاند و ڕایگەیاند، هەردوولا تاوتوێی ئۆکراین و یەمەن و پێشهاتەکانی نێوان هەردوو ووڵاتیان کردووە، هەروەها هەڵسەنگاندنێکی ئەرێنییان بۆ هاوکارییەکان لە چوارچێوەی ئۆپێک+دا هەبووە.

ئاژانسی هەواڵی ڕووسی تاس بە پشت بەستن بە کرێملین بڵاویکردەوە، محەمەد بن سەلمان دەستپێشخەری ئەو پەیوەندییە تەلەفۆنییەی کردووە و ناوەڕۆکی پەیوەندییە تەلەفۆنییەکەی ڕوونکردووەتەوە و دەڵێت: "بابەتەکانی هاوکاری دوولایەنە لە بوارەکانی بازرگانی و ئابووریدا تاوتوێ کران". "ویستی هاوبەش بۆ پەرەپێدانی زیاتری پەیوەندییە سوودبەخشەکانی نێوان ڕووسیا و سەعوودیە دەربڕدرا".

بەگوێرەی ڕاپۆرتەکە، لە میانی پەیوەندییە تەلەفۆنییەکەدا، "هەڵسەنگاندنێکی ئەرێنی بۆ هاریکاری لە چوارچێوەی ئۆپێک+ کراوە بە ئامانجی دەستەبەرکردنی سەقامگیری بازاڕی نەوتی جیهانی، هەروەها سەرۆکی ڕووسیا و شازادەی جێنشینی سەعوودییەش بیروڕایان لەبارەی پرسە تایبەتەکانی گۆڕەپانی جیهانییەوە ئاڵوگۆڕ کردووە، لەوانەش دۆخی ئۆکراین و پرسی یەمەن".

هەروەها کرێملین سەبارەت بە سڵاوی ڕەمەزانی سەرۆک کۆماری ڕووسیا بۆ شازادەی جانشینی سەعوودیە ڕایگەیاند: " ڤلادێمیر پووتین پیرۆزبایی مانگی پیرۆزی ڕەمەزانی لە سەرکردایەتی و گەلی سەعوودیە کرد، لایەنەکانیش ڕێککەوتن لەسەر درێژەدان بە پەیوەندییەکان لەسەر ئاستە جیاجیاکان".

پێشتر ڤلادێمیر پووتین و محەمەد بن سەلمان لە 3ی ئازاردا پەیوەندییەکی تەلەفۆنییان ئەنجامدا.

لە هەمان پەیوەندی تەلەفۆنی پێشووی مانگی ئازاردا، شازادەی جێنشینی سعودیە بە جیا لەگەڵ سەرۆکەکانی ڕووسیا قسەی کردبوو و ئامادەیی ڕیازی بۆ نێوەندگیری لە قەیرانی مۆسکۆ و کیێڤ و پشتیوانی لە چارەسەری سیاسی بۆ قەیرانەکە ڕاگەیاندبوو.

شازادەی جانشینی سەعوودیە وێڕای جەختکردنەوە لەسەر پشتیوانی ڕیاز بۆ هەموو هەوڵەکان بۆ کەمکردنەوەی گرژییەکانی قەیرانی ئۆکراین ، ئامادەیی ووڵاتەکەی بۆ نێوەندگیری لە نێوان لایەنە ناکۆکەکان و هاوکاریکردن لە هەموو هەوڵە نێودەوڵەتییە ئامانجدارەکان بۆ دۆزینەوەی چارەسەرێکی سیاسی ڕاگەیاند.


ئەم بابەتە 44 جار خوێندراوەتەوە