پڕۆفیسۆر ساڵح مەلا عومەر : ئێران دەیەوێ لاپەڕەیەکی نوێ لەگەڵ هەرێم بکاتەوە
پەیامی کورد ... پڕۆفیسۆر ساڵح مەلا عومەر : ئێران دەیەوێ لاپەڕەیەکی نوێ لەگەڵ هەرێم بکاتەوە
پسپۆڕێکی زانستە سیاسییەکان پێی وایە، پەیوەندی ئێستای نێوان هەرێم و تاران بەراورد ناکرێت لەگەڵ ڕابردوو، دەشڵێ: کۆماری ئیسلامی ئێران دەیەوێ لاپەڕەیەکی نوێ لەگەڵ هەرێمی کوردستان بکاتەوە.
پڕۆفیسۆر د.ساڵح مەلا عومەر، پسپۆری زانستە سیاسییەکان ڕایگەیاند : دوای سەردانەکەی نێچیرڤان بارزانی سەرۆکی هەرێمی کوردستان بۆ ئێران، پەیوەندی نێوان هەرێم و کۆماری ئیسلامی ئێران کەوتە قۆناغێکی نوێ، بڕیاربوو کۆتایی مانگی ڕابردوو سەرۆککۆمار و وەزیری دەرەوەی ئێران سەردانی هەرێمی کوردستان بکەن و لەگەڵ گەورە بەرپرسانی هەرێمی کوردستان کۆببنەوە، بەڵام بینیمان ڕووداوی کەوتنە خوارەوەی فڕۆکەی سەرۆککۆمار ڕوویدا.
ئەو پسپۆرەی زانستە سیاسییەکان گوتیشی: سەردانی دوێنێی وەزیری دەرەوەی ئێران کاریگەری لەسەر پەیوەندییەکانی نێوان هەرێم و تاران دەبێت، چوونکە هەم کۆماری ئیسلامی پێویستی به هەرێمی کوردستا هەیە هەم هەرێمیش پێویستی بە کۆماری ئیسلامی ئێرانە وەک دراوسێ، ئێران دەیەوێ لاپەڕەیەکی نوێ لەگەڵ هەرێمی کوردستان بکاتەوە، لەبەر ئەوەش لە چوارچێوەی سەردانەکەی بۆ هەرێمی کوردستان وەزیری دەرەوەی ئێران سەردانی سەرۆک بارزانیشی کرد چوونکە دەیەوێ پەیوەندی نوێی لەگەل پارتی هەبێت.
پڕۆفیسۆر ساڵح مەلا عومەر ئاماژەی بۆ ئەوە کرد: دوای ڕیفڕاندۆم پەیوەندی نێوان ئێران و هەرێم جۆرێک لە ئاڵۆزی تێکەوت و چەندین قۆناغی هەوراز و نشێوی بەخۆیەوە بینی، پەیوەندییەکانی ئێستای نێوان هەردوولا بەراورد ناکرێن لەگەڵ ڕابردوو چوونکە زۆر باشترە، پێشبینی دەکرێت پەیوەندییەکانیان لە داهاتوو لە هەموو بوارەکان پێشەوەچوونی باشتر بەخۆیەوە ببینێت.
ئەم بابەتە 32960 جار خوێندراوەتەوە