پڕۆژەیەکی گەورەی گەشتیاری لەسەر زێی خەبات درووست دەکرێت

پەیامی کورد   ...   پڕۆژەیەکی گەورەی گەشتیاری لەسەر زێی خەبات درووست دەکرێت

قایمقامی قەزای خەبات ڕایگەیاند : پڕۆژەیەکی گەورەی گەشتیاری لەسەر زێی خەبات دروست دەکرێت، خەریکە ڕێکارەکان تەواو دەبن، بە ئەنجامدانی ئەو پڕۆژەیە  ناوچەکە لەڕووی ئابووری و دەرفەتی کار و گەشتیاری دەبووژێنێتەوە.

کوێستان ئەحمەد ڕایگەیاند : دەمێکە پڕۆژەیەکی گەشتیاریمان بۆ دەستەی وەبەرھێنان پێشنیار کردووە و لە دەستەی وەبەرھێنان تەواو بووە و ئێستا ھەندێک ڕێکار ماون، ئەوانیش تەواو بکرێن دەست بە پڕۆژەکە دەکرێت، چوونکە ئەو پڕۆژەیە لەسەر زێی خەبات دەبێت و گرنگی زۆریشی بۆ ئێمە دەبێت، بوژانەوەیەکی باش بە ناوچەکە دەبەخشێت و زۆر ھەلی کاریش دەڕەخسێنێت، لەڕووی گەشتیاریش دەبووژێتەوە.

قایمقامی قەزای خەبات ووتیشی: پڕۆژەکە گەورەیە، ئوتێل، ڕێستورانت، مۆتێل، بەلەم و ھەموو ئەوەی پێویستە بۆ شوێنە گەشتیارییەکان دابین دەکرێت و لێی درووست دەکرێت، ناوچەکە دەبێتە شوێنێکی گەشتیاری گرینگ، چوونکە دەکەوێتە سەر زێی گەورە و ئاوێکی زۆری ھەیە، هەر خۆشی شوێنێکی گەشتیارییە.
کوێستان ئەحمەد ڕوونیشی کردەوە: کۆمەڵێک وەبەرهێنەر داوای ئەو پڕۆژەیەیان کردووە، بەڵام دراوەتە بەوەبەرھێنەرێکی خۆماڵی و ڕێکارەکان تەواوبن بە سەرمایەی حەوت ملیۆن دۆلار دەست بە درووستکردنی دەکرێت، بە تەواوبوونیشی خەبات لە هەموو ڕوویەکەوە دەچێتە قۆناغێکی دیکەوە، ئەگەر ڕێکارەکان تەواو بکرێن، ئەمساڵ دەست بە جێبەجێکردنی پڕۆژەکە دەکرێت.


ئەم بابەتە 71472 جار خوێندراوەتەوە