پۆلیس هه‌نگاوی نوێ له‌ باره‌ی نەھێشتنی چەکی بێ مووڵەت ئاشكرا ده‌كات

پەیامی کورد   ...   پۆلیس هه‌نگاوی نوێ له‌ باره‌ی نەھێشتنی چەکی بێ مووڵەت ئاشكرا ده‌كات

بەرپرسی راگەیاندن و پەیوەندییەکانی پۆلیسی ھەرێمی کوردستان ڕایدەگەێنێت، دوای ئەوەی یاسای چەک بە بڕیاری سەرۆکی حکوومەتی ھەرێمی کوردستان جێ بەجێ کرا، لە ئێستادا ڕێژەی تاوان زۆر کەمی کردووە، بەڵام بۆ نەھێشتنی چەکی بێ مووڵەت پێویستە دوو ھەنگاوی دیکە بنێین، ئەوانیش ھۆشیاری کۆمەڵگه‌ و دەستگیرکردنی ئەو کەسانەی بازرگانی بە چەکەوە دەکەن.

عەقید کارزان غەفووری، بەرپرسی ڕاگەیاندن و پەیوەندییەکانی پۆلیسی ھەرێمی کوردستان، ڕایگەیاند، "بە بڕیاری سەرۆکی حکوومەتی ھەرێمی کوردستان یاسای چەک وەکوو خۆی جێبەجێ کراوە، بەڵام ئێمە وەکوو پۆلیس و دەزگا ئەمنییەکان لە مەفرەزە ھاوبەشەکان بێت یاخود بازگەکان، دەست بەسەر چەکی بێ مووڵەتدا دەگرین و ڕادەستی یاسا دەکرێن، بەڵام ئەوەی گرینگە بکرێت بۆ نەھێشتنی ئەم دیاردەی چەک ھەڵگرتنە، پێویستە ھەوڵ بدەین ئەو کەسانە دەستگیر بکەین چەک بە نایاسایی دێننە ھەرێمی کوردستان، چوونکە سنوورمان لەگەڵ ووڵاتانی دراوسێ و پارێزگاکانی عێراق هەیە و ئەوەی بازرگانی بە چەک دەکات، پێویستە دەستگیر بکرێن، بۆ ئەوەی بتواندرێت کۆتایی بەو دیاردەیە بھێندرێت، لەبەر ئەوەی لە ھەرێمی کوردستان کارگەی چەک نییە و ئەو ھەموو چەکە چۆن ھاتووە بۆ ھەرێمی کوردستان، ھەرچەندە ھیچ ووڵاتێک ناتوانێ لە ئەمریکا و ئەورووپاش ئەوە بکات و چەکی نایاسایی نەھێڵێت.

عەقید کارزان غەفووری ووتیشی، "ئێمە بەردەوام ھەڵمەتی دەست بەسەرداگرتنی چەکی نایاسایی ئەنجام دەدەین و ھەڵمەتی دەستبەسەرداگرتنی چەکیش بەردەوامە و ئێستا کاتی ئەوە ھاتووە ھەنگاوی دیکە بندرێت بۆ ئەوەی ھەر نەبێت بتوانین ٨٠%ی ئەو دیاردەیە بنبڕ بکەین، بۆیە ھەنگاوێکی دیکەی گرینگمان ناوە ئەویش کۆمەڵێک پەیجی زۆر ھەبوو بازرگانییان بە چەکەوە دەکرد ڕێژەیەکی زۆری ئەو کەسانەی خاوەنیانن توانیمان دەستگیریان بکەین و پەیجەکانیش لەناو ببەین، کە ئەوە ھەنگاوێکی باش بوو بۆ ئەوەی کەسانێکی لەیاسادەرچوو نەتوانن ئەو کارە بکەن، بۆیە ئێستا کاتی ئەوە ھاتووە ئەوانەی بازرگانی بە چەک دەکەن دەستگیر بکرێن، بەتایبەت لە بازگە ھاوبەشەکان لەگەڵ عێراق، ئەگەرنا لە بازگەکانی خۆمان ڕێگە نادرێت نەک چەک بگرە فیشەکێکیش بێتە ناو ھەرێمی کوردستانەوە.

ناوبراو ڕوونیشی کردەوە، پاش جێبەجێکردنی یاسای چەک لە ھەرێمی کوردستان بەراورد بە ساڵانی پێش دەرچوونی یاسای چەک و دوای دەرچوونی یاساکە، ڕێژەی تاوان و کوشتن و تەقەکردن و بریندارکردن و ھەڕەشەکردن یەک جار زۆر کەمی کردووە لە ماوەی پێنج ساڵی ڕابردوو لە دوای جێبەجێکردنی یاسای چەک، بۆیە ھەنگاوی دیکەی پێویستە بۆ ئەوەی بتوانین بە یەکجاری ئەو دیاردەیە کەم بکەینەوە.

دەشڵێت، پێمان باشە وەزارەتی رۆشنبیری و پەروەردە و خوێندنی باڵاش بەشداری لە ھەڵمەتی نەھێشتنی چەکی بێ مووڵەت بکەن، چوونکە خەڵکێکی زۆر ھەیە نازانێت و شارەزایی لە یاسای چەک نییە و ئەگەر ھۆشیار بکرێنەوە ئەوکات خەڵکێکی زیاتر ھەست بە مەترسییەکان و سزاکانی ئەو یاسایە دەکەن و خۆیان لە چەکی بێ مووڵەت دوور دەخەنەوە، بۆیە پێویستە وەزارەتەکانی دیکەش شان بەشانی وەزارەتی ناوخۆ ڕۆڵی خۆیان ببینن و ئەوە ئەرکی ھەموومانە بۆ ئەوەی بتوانین ڕێگری لەو دیاردەیە بکەین.


ئەم بابەتە 31 جار خوێندراوەتەوە