پێشنیاری یەکیتی ئەورووپا بۆ زیادکردنی کڕینی گازی سرووشتی لە ئیدارەی داهاتووی ترامپ

پەیامی کورد   ...   پێشنیاری یەکیتی ئەورووپا بۆ زیادکردنی کڕینی گازی سرووشتی لە ئیدارەی داهاتووی ترامپ

ئورسولا ڤۆن دێر لاین، سەرۆکی کۆمیسیۆنی ئەورووپا پێشنیاری کرد کە یەکیتی ئەورووپا جێگەی هاوردەکردنی گازی سرووشتی شل (LNG)ی ئەمریکی لە ڕووسیا بگۆڕێت لە ناوەڕاستی نیگەرانییەکانی برۆکسل لە سەرهەڵدانی شەڕی بازرگانی لە سەردەمی سەرۆکایەتی دۆناڵد ترامپ دا.

بەپێی ڕاپۆرتێک بە پشت بەستن بە ئاژانسی فرانس پرێس، ڤۆن دێر لاین ڕۆژی هەینی پەیوەندی تەلەفۆنی خۆی لەگەڵ ترامپ ڕاگەیاند و ڕایگەیاند کە کارکردن لەگەڵ ترامپ لە دەوری "بەرژەوەندی هاوبەش زۆر گرینگە".

سەرۆکی کۆمیسیۆنی ئەورووپا لە گەشتێکی دا بۆ بوداپێستی پایتەختی هەنگاریا بە ڕۆژنامەنووسانی ڕاگەیاند کە ڕۆژی پێنجشەممە لە پەیوەندییەکی تەلەفۆنیدا لەگەڵ ترامپ باسی "پرسی گازی سرووشتی شل"ی کردووە.

ئاماژەی بەوەشکرد کە ئەورووپا هێشتا "گازی سرووشتی شل لە ڕووسیا" هاوردە دەکات، ئاماژەی بەوەشکرد: بۆچی بە گازی سرووشتی شلکراوی ئەمریکی نەگۆڕدرێت؟ چوونکە هەرزانترە و نرخی ووزە بۆ ئێمە دادەبەزێنێت.

لە دوای هێرشی ڕووسیا بۆ سەر ئۆکراین لە شوباتی ٢٠٢٢، یەکێتی ئەورووپا هاوردەکردنی ووزەی لە ڕووسیا کەم کردەوە و کڕینی گازی سرووشتی لە ئەمریکا زیادکرد، بەڵام تا ئێستا نەیتوانیوە هاوردەکردنی ووزە لە ڕووسیا بە تەواوی ببڕێت.

ئەم پێشنیازەی ڤۆن دێر لاین لە کاتێکدایە کە ترامپ لە کاتی بانگەشەی هەڵبژاردنەکانیدا چەندین جار هەڕەشەی بەرزکردنەوەی باج لەسەر هاوردەکردنی دەرەکی دەکرد، بەڵام ئەورووپا حەز دەکات خۆی لە شەڕی بازرگانی لەگەڵیدا بەدوور بگرێت.

لە لایەکی دیکەوە ئۆلاف شوڵتز، ڕاوێژکاری ئاڵمانیاش ڕایگەیاند، ئەگەری هەیە لە هەندێک بواردا لەگەڵ ئیدارەی داهاتووی ترامپ بگەنە سازان.

ئەو ڕایگەیاند : لە کۆتایی دا گەشەکردن و دەسەڵاتی ئەمریکا پەیوەستە بە بازرگانی لەگەڵ هەموو جیهان. کەواتە، پێموایە زەمینە هەیە بۆ درووستکردنی سیاسەتێکی هاوبەش.


ئەم بابەتە 34 جار خوێندراوەتەوە