پێشنیارەکەی ترامپ بۆ غەززە؛ بكرێتە ناوچەیەك بۆ گەشەپێدانی ئابووری

پەیامی کورد   ...   پێشنیارەکەی ترامپ بۆ غەززە؛ بكرێتە ناوچەیەك بۆ گەشەپێدانی ئابووری

لە چاوپێکەوتنێکدا لەگەڵ کەناڵی فاكس نیووز، دۆناڵد ترامپ، سەرۆکی ئەمریکا ئاماژەی بە پلانەکەی بۆ غەززە کرد و بە "باش" وەسفی کرد.
دووپاتیشی کردەوە، ئەم پلانە بەسەر هیچ کەسێکدا ناسەپێندرێت و تەنها وەکوو پێشنیار دەخرێتەڕوو.

ترامپ بە ئاماژەدان بە دۆخی نالەباری غەززە ڕایگەیاند: ئەم ناوچەیە بە تەواوی وێران بووە و ئەگەر ئەم بژاردەیە بە دانیشتووانی غەززە بدرێت، ڕەنگە ئەو شوێنە جێ بهێڵن.

هەروەها ستایشی پێگەی ستراتیژی غەززەی کرد و کشانەوەی ئیسرائیل له ناوچەکەی له ماوەی ڕابردوودا به جێگەی پرسیار له قەڵەم دا.

پێشتر ترامپ لە پلانێکی پێشنیارکراویدا ڕایگەیاندبوو کە ئەمریکا دەتوانێت کۆنترۆڵی غەززە بکات و دانیشتووانی فەلەستینی بگوازێتەوە بۆ ووڵاتانی وەک میسر و ئوردن.

ئەم لێدوانانە لەگەڵ کاردانەوەی تووندی نێودەوڵەتی بەرەوڕوو بووەوە. ووڵاتانی عەرەبی جەختیان لە "مافی گەڕانەوە"ی فەلەستینییەکان کردەوە و هەر جۆرە ئاوارەبوونێکی زۆرەملێیان شەرمەزار کرد. هاوپەیمانە ڕۆژئاواییەکانی ئەمریکاش ئەم پێشنیازەیان بە پێشێلکردنی یاسا نێودەوڵەتییەکان زانی و جەختیان لەسەر پێویستی چارەسەری دوو دەوڵەتی کردەوە.

دوای ئەم ڕەخنانە، ترامپ لە بیرۆکەی مالكیەتی غەززە پاشەكشەی كرد و پێشنیاری کرد کە ناوچەکە ببێتە شوێنێک بۆ گەشەپێدانی ئابووری و وەبەرهێنان.
 


ئەم بابەتە 62 جار خوێندراوەتەوە