پێشەوا هەورامانی : هەناردەنەکردنەوەی نەوتی هەرێم زیان بە هەموو عێراق دەگەێنێت
پەیامی کورد ... پێشەوا هەورامانی : هەناردەنەکردنەوەی نەوتی هەرێم زیان بە هەموو عێراق دەگەێنێت
پێشەوا هەورامانی ووتەبێژی حکوومەتی هەرێمی کوردستان ڕایگەیاند : دوای چەندین کۆبوونەوە و هەوڵ و ماندووبوون بۆ ئەوەی یاسای بوودجەی گشتی فیدراڵ لەلایەن ئەنجوومەنی نوێنەرانەوە هەموار بکرێتەوە و هەناردەکردنی نەوتی هەرێم دەست پێ بکاتەوە ،هەرچەندە خوێندنەوەی یەکەم و دووەمیشی بۆ کرا، بەڵام بەداخەوە لە کۆتا ساتەکاندا ، دەنگی لەسەر نەدرا .
ئێمە تووشی سەرسووڕمان بووین بەوەی پێشنیارێک لە لایەن نوێنەری حکوومەتی فیدراڵ لە ئەنجوومەنی نوێنەرانەوە، تاکلایەنە و بە بێ ئەوەی ڕاوێژ لەگەڵ حکوومەتی هەرێم بکرێت، یان لە ئەنجوومەنی وەزیرانی فیدراڵەوە دەنگی لەسەر درابێت بۆ ئەنجوومەنی نوێنەران نێردراوە، كە ئەم پێشنیارە لەهەمانکاتدا دژی بڕیاری پێشووی ئەنجوومەنی وەزیرانی فیدراڵیشە تایبەت بە هەموارکردنەوەی پڕۆژە یاسای بوودجە بۆ هەناردەکردنەوەی نەوتی هەرێمی کوردستان .
ئەم هەوڵانە زیان بە هەموو عێراق دەگەێنن و کێشەکان قووڵتر دەکەنەوە و خزمەت بە چارەسەرکردنی پرسەکان ناکات.
بۆیە ئێمە ئەو هەوڵ و پێشنیارانە ، بە هەموو شێوەیەک ڕەت دەکەینەوە و دژی دەوەستین. بۆیە دەبێت ئەو پێشنیارەی لەسەر ڕێککەوتووین ، بخرێتە دەنگدانەوە.
ئەم بابەتە 86 جار خوێندراوەتەوە