پێنج کەس لە هێزەکانی سەر بە ئێران لە هێرشی دڕۆنی بۆ سەر سووریا کوژران
پەیامی کورد ... پێنج کەس لە هێزەکانی سەر بە ئێران لە هێرشی دڕۆنی بۆ سەر سووریا کوژران
چاودێری مافەکانی مرۆڤی سووریا ڕایگەیاند، ٥ میلیشای سەر بە کۆماری ئیسلامی ئێران لە سووریا لە هێرشێکی دڕۆنیدا لە پارێزگای دێرەزوور کوژراون.
ڕۆژی یەکشەممە ٢١ی گەلاوێژ، ئاژانسی هەواڵی فەڕەنسا بە پشت بەستن بەم ڕاپۆرتە نووسیویەتی لەم هێرشەدا ماشینێک کە گرووپە میلیشیاکانی هەڵگرتبوو لەسەر سنووری نێوان عێراق و سووریە کراوەتە ئامانج.
هەروەها ئاژانسی هەواڵی ڕۆیتەرز لە زاری دوو سەرچاوەی ئەمنییەتییەوە، کوژرانی پێنج کەسی لەم هێرشەدا پشت ڕاست کردەوە.
شوێنی ڕووداوەکە لە ڕۆژهەڵاتی پارێزگای دێرەزوورە و چەندین جار لەلایەن ئەمریکا یان ئیسرائیلەوە کراوەتە ئامانج، بەڵام هەتا ئێستا هیچ کام لەو ووڵاتانە بەرپرسیارییەتی ئەم هێرشەیان لە ئەستۆ نەگرتووە.
هەروەها چاودێری مافەکانی مرۆڤی سووریا ڕایگەیاندووە کە لە ماوەی چەند ڕۆژی ڕابردوودا لە تێک هەڵچوونەکانی نێوان میلیشیاکانی سەر بە ڕێژیمی ئێران و هێزەکانی دێموکراتیکی سووریا کە لەلایەن ئەمریکاوە پاڵپشتی دەکرێن، لانیکەم ١٦ کەس کوژراون.
لە ئەم ڕاپۆرتە هاتووە، حەوت منداڵیش لەنێو قوربانییەکاندان. لە ئەنجامی ئەو تێکهەڵچوونانەی کە پێشتر باسمان کرد لە ڕۆژهەڵاتی سووریا لانیکەم ٣٥ هاووڵاتیی مەدەنی و حەوت میلیشیا بریندار بوون.
ئەم تێک هەڵچوونانە کە لە ڕۆژی چوارشەممەی ڕابردووەوە لە پارێزگای دێرەزووری سووریا دەستیان پێکرد و هێرشەکانی هێزە میلیشیاکانی ڕێژیمی ئێران بووەتە هۆی هەڵاتنی دانیشتووانی ناوچەکە.
ئەم بابەتە 11608 جار خوێندراوەتەوە