پەرلەمانی ئاڵمانیا بۆ وەزیری ناوخۆی كوردستان : ھاتنتان بۆ ئێرە زۆر پێویست بوو

پەیامی کورد   ...   پەرلەمانی ئاڵمانیا بۆ وەزیری ناوخۆی كوردستان : ھاتنتان بۆ ئێرە زۆر پێویست بوو

رێبەر ئەحمەد، وەزیری ناوخۆی حکوومەتی ھەرێمی کوردستان، بە یاوەری شاندێک، سەردانی پەرلەمانی ھەرێمی نۆرد ترایم ڤێست ڤالنی لە دۆسلدۆرف لە وڵاتی ئەڵمانیا کرد و لەلایەن راینەر شمێلتز جێگری یەکەمی سەرۆکی پەرلەمان و سەردار یوکسل ئەندامی پەرلەمانی NRW لە پارتی SPD پێشوازیان لێکرا.

راینەر شمێلتز لە پەیڤێکدا بەخێرھاتنی وەزیری ناوخۆ و شاندی یاوەری کرد، پاشان ووتی، "لەو بارودۆخە ئاڵۆزەی ناوچەکەتانەوە ھاتنتان بۆ ئێرە زۆر پێویست بوو، تا بتوانین پەیوەندیەکانمان زیاتر بەھێز بکەین وە ئاگاداریشین ئێوە چ ئازار و تەنگ و چەڵەمەیەکتان ھەیە".

ھاوکات ووتیشی: "ئەو تەنگ و چەڵەمە و ناخۆشییانەی کە ھەن بۆ من و جەنابیشتان وامان لێ دەکات کە کاری دیبلۆماسی ھاوبەش و زیاتر بەیەکەوە بکەین و لە کارکردن نەوەستین".

شمێلتز گوتیشی: "ھەرچەندە ئێمە لە نەخشاندنی کاری سیاسەتی دەرەوە ڕۆڵێکی ئەوتۆمان نییە، بەڵام دەمانەوێت ئێمەش کار بکەین و پەیوەندییەکانمان لەگەڵ ئێوە ببەینە پێش، جەنابی وەزیر ھاتنتان بۆ ئێرە ھەنگاوێکە بۆ بەرەوپێشبردنی پەیوەندی نێوان ھەردوو ھەرێم، ئێمە لە بواری مرۆیی کەمتەرخەم نەبوینە و برای بەڕێزم کاک سەردار بەردەوام لە ھەوڵ و وچاندا بووە بۆ کاری مرۆڤ دۆستی و پێشکەشکردنی ھاوکاری بەردەوام".

سەبارەت بە پرسی ئاوارەکانیش، جێگری سەرۆکی پەرلەمان سوپاسی وەزیری ناوخۆ و شاندی یاوەری کرد کە بەردەوام بە شەفافی کاریان کردووە. ھاوکات ووتیشی: "خەمی ئاوارەکانی عێراق و ئێزیدییەکان لە کوردستان بەشێکن لە خەمی ئێمەش، جگە لە پرسی ھاوکاری کردن دەمانەوێت لە بواری لێبوردەی و یەکتر قبووڵکردنیش لەنێوانیاندا ڕۆڵمان ھەبێت، ناساندنی جینۆسایدی ئێزیدییەکانیش لە پەرلەمانی ئاڵمانیا دەستپێکێکی باش دەبێت. ئێمەش لێرە پڕۆژەیێکمان ھەیە بۆ یەکتر قبووڵکردنەوەی یەکدی، کاتێکیش تەواو دەبێت، دەبێتە کارێکی مێژوویی".

پاشان رێبەر ئەحمەد وەزیری ناوخۆی ھەرێمی کوردستان لە ڕێگەی نووسینی بیرەوەری لە پەرلەمانی نۆردترایم ڤێست ڤالن، سوپاسی سەردار یوکسلی ئەندامی پەرلەمانی کرد بە ڕەخساندنی ئەو ھەلە بۆ ئەنجامدانی ئەم دیدارە.

ھاوکات لەسەر پرسی دیموکراسی و ئازادی ڕادەربڕین لە ھەرێمی کوردستان وەزیری ناوخۆ ووتی: "بە ھاوکاری ئێوە و دۆستانمان دەتوانین نموونەیەکی باشتر لە دیموکراسی لە ڕۆژھەڵاتی ناوەڕاست پێشکەش بکەین".

دواتریش کۆبوونەوەیەکی داخراو لەلایەن ھەردوولا بەڕێوەچوو.


ئەم بابەتە 12975 جار خوێندراوەتەوە