پەرلەمانی سویسرا بە کۆی دەنگ تاوانەکانی داعشی دژی کۆمەڵگەی ئێزیدی بە جینۆساید ناساند. 

پەیامی کورد   ...   پەرلەمانی سویسرا بە کۆی دەنگ تاوانەکانی داعشی دژی کۆمەڵگەی ئێزیدی بە جینۆساید ناساند. 

لەمبارەیەوە لە بڵاوکراوەیەکدا د.دیندار زێباری، ڕێکخەری ڕاسپاردە نێودەوڵەتییەکان لە حکوومەتی هەرێمی کوردستان ڕایگەیاند: پێشوازی لە دانپێدانانی مێژوویی پەرلەمانی سویسرا بە جینۆسایدی ئێزیدییەکان دەکەین کە لەلایەن داعشەوە ئەنجامدراوە. ئەم بڕیارە هەنگاوێکی دیکەی گرینگە بۆ گەیشتن بە دادپەروەری و لێپرسینەوە لە بەرامبەر ئەو تاوانە قێزەونانەی کە لە دژی کۆمەڵگەی ئێزیدی ئەنجامدراون و قەرەبووکردنەوەی قوربانیانی تیرۆر و زیان لێکەوتووان.

هەروەها ووتیشی: حکوومەتی هەرێمی کوردستان لەم ساڵانەی دواییدا هەوڵیداوە لەسەر ئاستی ناوخۆ و نیشتمانی و نێودەوڵەتی بۆ ناساندنی ئەو تاوانانەی کە تیرۆریستانی داعش ئەنجامیانداوە وەک تاوانی جینۆساید، لە دوای پێکهێنانی تیمی نەتەوە یەکگرتووەکان (یوونیتاد) لە بەدواداچوون و بەڵگەنامەکردنی تاوانەکانی تیرۆریستانی داعش، هەرێمی کوردستان پاڵپشتی ئەرکەکانی تیمەکەی کرد بۆ بەدواداچوونی تاوانەکانی تیرۆریستانی داعش و داکیومێنت کردنیان. بە هەماهەنگی لەگەڵ یوونیتاد توانراوە زیاتر لە (42 هەزار) فایل دۆکیۆمێنت بکرێت، کە یەکسانە بە (408,540) لاپەڕە بەڵگەنامەی تاوانەکانی داعش بە سیستەمی دیجیتاڵی.

ڕێکخەری ڕاسپاردە نێودەوڵەتییەکان ئاماژەی بە بەردەوامی ئەم هەماهەنگییە کرد دوای کۆتاییهاتنی ئەرکەکانی یوونیتاد و ووتی: بە مەبەستی جێبەجێکردنی بڕیارنامەی ژمارە ٢٦٩٧ی ئەنجوومەنی ئاسایشی نەتەوە یەکگرتووەکان، ئەو بەڵگەنامە و زانیارییانەی کە تیمی یوونیتاد هاوبەشی کردووە و بە دوو بەش گەێندراونەتە هەرێمی کوردستان، لە بەشی یەکەمدا (45.95) گیگابایت و دواتریش (11.9) گیگابایت لە ڕێگای نووسینگەکەمانەوە رادەستی حکوومەتی هەرێمی کوردستان کراوە، ئەو زانیاری و ماددانەی تێدان کە لەلایەن یوونیتادەوە بە دیجیتاڵی کراون و یوونیتاد بەدەستی هێناون لێپێچینەوەکانیان لەگەڵ تاوانبارانی داعش و هەروەها لە رێگای دەسەڵاتی دادوەری و دامەزراوە پەیوەندیدارەکانی حکوومەتی هەرێمی کوردستان، بێگومان بە بەشداری لێکۆڵەران و شارەزایانی یاسایی و پسپۆڕانی پزیشکی دادوەری و شرۆڤەکاران.

شایانی باسە، ڕۆژی سێشەممە 12/17/2024، پەرلەمانی سویسرا بە کۆی دەنگ ئەو تاوانانەی داعش لە دژی کوردانی ئێزیدی بە جینۆساید ناساند. بەمەش ١٧ وڵات لە رێگای پەرلەمانەکانیانەوە دانیان بە جینۆسایدی ئێزیدییەکاندا ناوە


ئەم بابەتە 88 جار خوێندراوەتەوە