پەیامی سەرۆك بارزانی بە بۆنەی سەری ساڵی تازەی زایینی یەوە

پەیامی کورد    ...   پەیامی سەرۆك بارزانی بە بۆنەی سەری ساڵی تازەی زایینی یەوە

سەرۆک بارزانی  بە بۆنەی سەری ساڵی تازەی زایینی پەیامێکی راگەیاند کە ئەمە دەقەکەیەتی:

بەناوی خودای مەزن و دلۆڤان
بەبۆنەی سەری ساڵی تازەی زایینی یەوە گەرمترین پیرۆزبایی لە هاووڵاتیانی خۆشەویستی كوردستان دەكەم. پیرۆزبایی لە خانەوادەی سەربەرزی شەهیدان و پێشمەرگە قارەمانەكان دەكەم و هیوای خێر و خۆشی بۆ هەموو لایەك دەخوازم.

جێگەی خۆشحاڵییەكی زۆرە هەڵبژاردنی پەرلەمانی كوردستان لە ئۆكتۆبەری ڕابردوو بە سەركەوتوویی ئەنجام درا و لەم هەڵبژاردنەدا گەلی كوردستان پەیام و ویستی خۆی بەڕوونی گەیاند. هەر لەسەر ئەم بنەمایەش دەبێ ووڵامی دەنگ و داواكاری خەڵكی كوردستان بدرێتەوە، ئەویش لەڕێگەی پێكهێنانی هەرچی زووتری كابینەی دەیەمی حكوومەتی هەرێمی كوردستان، بۆ ئەوەی حكوومەتی هەرێم پلان و بەرنامەكانی بۆ خزمەتكردنی خەڵكی كوردستان جێبەجێ بكات.
جەختیش لەوە دەكەینەوە پێویستە لە چوارچێوەی دەستوور و ڕێككەوتنەكان و لەڕێگەی دیالۆگ و هەماهەنگی نێوان حكوومەتی عێراقی فیدڕاڵ و حكوومەتی هەرێمی كوردستان، كێشەكانی نێوان هەردوولا چارەسەر بكرێن و چیتر كۆسپ و تەگەرە بۆ مافەكانی خەڵكی كوردستان درووست نەكرێن.

لەكاتێكدا بەرەو دەستپێكی ساڵی تازە دەڕۆین كە ناوچەكەمان بە بارودۆخی هەستیاردا تێدەپەڕێت. ڕووداو و گۆڕانكارییەكانی سووریا لەگەڵ ئەوەی كاریگەریی لەسەر بارودۆخی ناوچەكەمان و هاوكێشەكان دادەنێت لەهەمان كاتیشدا دەرفەتێكی تازەیە بۆ گەلانی سووریا كە لە ڕێگەی دیالۆگ و لەیەكتێگەیشتندا بنەمایەكی پتەو بۆ پێكەوەژیان و ئاشتی و سەقامگیری بونیات بنێن. ناوچەكەمان چیتر بەرگەی كێشە و توندوتیژی و تیرۆر و تووندڕەوی و ناسەقامگیری ناگرێت، بۆیە  پێویستە هەموو لایەك پشت بە زمانی دیالۆگ و لەیەكترتێگەیشتن ببەستن و لە نكۆلیكاری و دەمارگیری نەتەوەیی و ئایینی دوور بكەونەوە. دەبێ هەموو لایەك بزانن خۆسەپاندن ئەنجامی نابێت.

هیوادارین لەساڵی تازەدا ئاشتی و پێكەوەژیان باڵ بەسەر ناوچەكەماندا بكێشێت. لە خودای گەورە داواكارم گەلەكەمان لە هەموو جۆرە نەخۆشی و نەهامەتی و كارەسات بەدوور بێت.

مەسعوود بارزانی
31ی كانوونی یەكەمی 2024


ئەم بابەتە 97 جار خوێندراوەتەوە