پەیامی سەرۆك بارزانی لە 78ـەمین ساڵیادی دامەزراندنی پارتی دیموكراتی كوردستان
پەیامی کورد ... پەیامی سەرۆك بارزانی لە 78ـەمین ساڵیادی دامەزراندنی پارتی دیموكراتی كوردستان
سەرۆک بارزانی لە 78ـەمین ساڵیادی دامەزراندنی پارتی دیموکراتی کوردستان دەڵێت، پارتی بۆ رزگاری گەلی كوردستان و خزمەتكردنی گەلی كوردستان دروست بووە و چەند پارتی بەهێز بێت، ئەوەندەش كوردستان بەهێزە.
سەرۆک مەسعوود بارزانی لە راگەێندراوەکەیدا دەڵێت: پارتی بۆ ئەوە دامەزراوە خەڵكی كوردستان سەرفراز بن و دۆزی رەوای گەلی كوردستان هەردەم پارێزراو و بەهێز بێت. "بۆیە دەبێ هەموو پارتییەكان لە ئاست گەورەیی مێژوو و قوربانیدانی حیزبەكەیان و خوێنی شەهیدان بن و ئەركی خۆیان بە باشترین شێوە ئەنجام بدەن كە خزمەتكردن و بەهێزكردنی كوردستانە."
ئەمەی خوارەوە دەقی پەیامەكەی سەرۆك بارزانییە بە بۆنەی 16ی ئاب:
بەناوی خودای بەخشندە و میهرەبان
بەبۆنەی حەفتا و هەشتەمین ساڵیادی دامەزراندنی پارتی دیموكراتی كوردستان پیرۆزبایی لە سەرجەم كادیر و ئەندام و لایەنگرانی پارتی دەكەم. پیرۆزبایی لە خانەوادەی سەربەرزی شەهیدان و پێشمەرگە قارەمانەكان و هەموو چینوتوێژ و پێكهاتەكانی كوردستان دەكەم و هیوای سەربەرزی و خۆشیان بۆ دەخوازم.
دامەزراندنی پارتی لە شازدەی ئابی 1946ـدا بە ڕابەرایەتی بارزانی نەمر زەڕوورەتێكی مێژوویی بوو بۆ درێژەپێدانی خەبات و كۆڵنەدانی گەلی كورد لەو ساتە سەختانەی هەموو هەوڵی نەیار و داگیركارانی كوردستان ئەوە بوو شۆڕش و ئازادیخوازی گەلی كوردستان سەركوت و خامۆش بكەن. پارتی هەر لە سەرەتای دامەزراندنییەوە هەتا ئێستا ئامرازێك بووە لەدەستی خەڵكی كوردستان بۆ بەدیهاتنی ئامانجە دیموكراتی و نیشتیمانی و نەتەوەییەكانی گەلی كوردستان.
لە حەفتا و هەشتەمین ساڵیادی دامەزراندنی پارتیدا جەخت لەوە دەكەمەوە، پارتی بۆ ڕزگاری گەلی كوردستان و خزمەتكردنی گەلی كوردستان دروست بووە، بۆ ئەوە دامەزراوە خەڵكی كوردستان سەرفیراز بن و دۆزی ڕەوای گەلی كوردستان هەردەم پارێزراو و بەهێز بێت. بۆیە دەبێ هەموو پارتییەكان لە ئاست گەورەیی مێژوو و قوربانیدانی حزبەكەیان و خوێنی شەهیدان بن و ئەركی خۆیان بە باشترین شێوە ئەنجام بدەن كە خزمەتكردن و بەهێزكردنی كوردستانە. هەموو لایەك بە دۆست و نەیارانی گەلی كوردستان ئەو ڕاستیە دەزانن كە چەندە پارتی بەهێز بێت ئەوەندەش كوردستان بەهێزە.
مەسعوود بارزانی
16ی ئابی 2024
ئەم بابەتە 11244 جار خوێندراوەتەوە