پەیامێک لە سەرۆک بارزانی یەوە سەبارەت بە هەڵبژاردن

پەیامی کورد   ...   پەیامێک لە سەرۆک بارزانی یەوە سەبارەت بە هەڵبژاردن

بە بۆنەی کۆتایی ھاتنی پڕۆسەی دەنگدان بۆ خولی شەشەمی پەرلەمانی کوردستان سەرۆک بارزانی پەیامێکی بڵاوکردەوە.

دەقی پەیامی سەرۆک بارزانی.

بەناوی خودای بەخشندە و میھرەبان

شوکر بۆ خودای مەزن پڕۆسەی ھەڵبژاردنی خولی شەشەمی پەرلەمانی کوردستان بە سەرکەوتوویی کۆتایی ھات و خەڵکی کوردستان توانیان لە کەشێکی ئازاد دا دەنگی خۆیان بدەن. 

بە دڵنیاییەوە سەرکەوتنی ئەم پڕۆسەیە سەرکەوتنی گەلی کوردستانە بە ھەموو پێکھاتە و لایەنە سیاسییەکانیەوە. بەم بۆنەوە سوپاس و پیرۆزبایی خۆم ئاراستەی گەلی کوردستان و جەماوەر و ئەندام و لایەنگرانی پارتی دیموکراتی کوردستان و ھەروەھا سەرجەم لایەنە سیاسیەکان دەکەم.

لێرەدا بە پێویستی دەزانم دەستخۆشی لە کۆمیسیۆنی ھەڵبژاردنەکانی عێراق  و کوردستان و ھەموو لایەنە پەیوەندیدارەکان و ھێزە ئەمنیەکان بکەم کە پێکەوە یارمەتیدەر بوون بۆ ئەوەی پڕۆسەی ھەڵبژاردن لە ھەرێمی کوردستان بە سەرکەوتوویی ئەنجام بدرێت. ھیوادارم ئەو ھەڵبژاردنە و ئەنجامەکانی ھیوایەکی نوێ و قۆناغێکی تازە بەدی بھێنێت کە لە بەرژەوەندی ھەموو خەڵکی کوردستاندا بێت.

مەسعوود بارزانی

٢٠ی ئۆکتۆبەری ٢٠٢٤


ئەم بابەتە 11784 جار خوێندراوەتەوە