چوار بەرھەمی زاخۆ رەوانەی قەتەر دەکرێن
پەیامی کورد ... چوار بەرھەمی زاخۆ رەوانەی قەتەر دەکرێن
بەڕێوبەری گشتی وەبەرھێنانی زاخۆ ئاشکرای کرد : بڕیارە چوار بەرھەمی زاخۆ ڕەوانەی قەتەر بکرێن، کۆمپانیا قەتەرییەکانیش سێ پڕۆژەی وەبەرھێنان لە زاخۆ جێبەجێ دەکەن.
ئەندازیار جگەرخوین تاھر، بەڕێوبەری گشتی وەبەرھێنانی ئیدارەی سەربەخۆی زاخۆ ڕایگەیاند: شاندێکی قەتەڕی سەردانی ئیدارەی سەربەخۆی زاخۆی کردووە و بڕیارە لەگەڵ دوو وەبەرھێنەری زاخۆ چوار بەرھەمی ناوخۆ ڕەوانەی بازاڕەکانی ووڵاتی قەتەر بکەن ، لەوانە بڕیارە لە مانگی ئەیلوولی داھاتوو لە ڕێگەی وەبەرھێنەرێکی زاخۆ بەرھەمی ھەنگوین و ھەناری زاخۆ ڕەوانەی قەتەر بکرێن.
بەڕێوبەری گشتی وەبەرھێنانی زاخۆ ووتیشی : لەڕێگەی وەبەرھێنەرێکی دیکەی زاخۆ بڕیارە ئاوی کانزایی و زەیتی زەیتون ڕەوانەی قەتەر بکرێت، لە مانگی داھاتوو شاندێکی قەتەری دێتە زاخۆ بۆ ئەوەی بگەنە ڕێککەوتنی تەواو بۆ ھەناردەکردنی ئەو بەرھەمانەی زاخۆ.
ئەندازیار جگەرخوین تاھر ئاماژەی بۆ ئەوە کرد: بڕیارە کۆمپانیا قەتەڕییەکان سێ پڕۆژەی وەبەرھێنان لە شاری زاخۆ جێبەجێ بکەن، ئەوانیش، ھێنانی براندێکی خواردن بۆ زاخۆ، درووستکردنی پڕۆژەیەکی کشتوکاڵی و درووستکردنی کارگەیەکە، مانگی داھاتوو شاندی قەتەری دێتە زاخۆ بۆ ئەوەی ڕێککەوتنی کۆتایی واژوو بکەن و ئەو سێ پڕۆژەیە جێبەجێ بکەن.
ئەم بابەتە 29475 جار خوێندراوەتەوە