"چەند وەزیرێک بۆ گەیاندنی پەیامەکانی ھەرێمی کوردستان بە حکوومەتی فیدڕاڵ راسپێردران "

پەیامی کورد   ...   "چەند وەزیرێک بۆ گەیاندنی پەیامەکانی ھەرێمی کوردستان بە حکوومەتی فیدڕاڵ راسپێردران "

پێشەوا هەورامانی ووتەبێژی حکوومەتی هەرێمی کوردستان لە کۆنفرانسێکی ڕۆژنامەوانیدا ووتی: لە کۆبوونەوەکەی ئەمڕۆ، چەند وەزیرێک ڕاسپێردران بۆ ئەوەی داواکاری و پەیامەکانی هەرێمی کوردستان بگەێننە حکوومەتی فیدراڵ.

لە کۆبوونەوەکەی ئەمڕۆدا لەلایەن وەزیری دارایی و وەزیری سامانە سرووشتییەکان پەنجە خرایە سەر هەموو ووردەکارییەکان و گرفتەکان، هەروەها سەرجەم وەزیرەکانی دیکەی حکوومەتی هەرێمی کوردستان، کێشە و گرفتەکانیان لە بارەی ماف و شایستە داراییەکانی هەرێمی کوردستان خستەڕوو، کە تاوەکوو ئێستا حکوومەتی فیدراڵ پێیانی نەداوە.
ووتیشی: "هاوکات باسی ئەوەش کراوە کە ئەرکی هەرێمی کوردستان بەرانبەر بە حکوومەتی عێراق چییە؟ چەند لە ئەرکەکانمان جێبەجێ کردووە و چەندیشیمان جێبەجێ نەکردووە."
ووتەبێژی حکوومەت ڕاشیگەیاند "سەرۆک وەزیران و جێگرەکەی، داوایان لە وەزیرەکان و سەرۆکی فراکسیۆنە کوردستانییەکان لە بەغدا کرد بە یەکەوە پەنجە بخەنە سەر ووردەکارییەکان، ئەگەر ڕەخنەیەک یان کەم وکوڕییەک هەیە لە حکوومەتی هەرێمی کوردستان، ئەوە پرۆژە و پێشنیازیان لەم بارەوە بخەنە ڕوو.
کۆبوونەوەکە زیاتر لە چوار کاتژمێری خایاند و بڕیاریشی تێد درا، بۆ ئەمەش چەند وەزیرێک کە نوێنەرایەتی هەرێمی کوردستان دەکەن، ڕاسپێردران لە بەغدا پەیامەکانی هەرێمی کوردستان بگەێننە حکوومەتی عێراق، ڕوونی بکەنەوە کە حکوومەتی هەرێمی کوردستان لەم ساڵ دا ئەم داواکارییانەی هەیە:
یەکەم: دەبێت زامنی مووچەی ئەم ساڵ (2025)ی مووچە خۆرانی هەرێمی کوردستان بکرێت و بە هیچ شێوەیەک دوا کەوتن یان گرفت درووست نەکرێت، وەک ئەوەی لە خشتەی بوودجەی دیاری کراوە بنێردرێت، جگە لەمە هیچ مشتومڕێکی دیکە لەسەر پرسی مووچەی مووچەخۆرانی هەرێمی کوردستان ناکەین.
دووەم: لەو هەموارەی لە بوودجەی گشتی دەکرێت، لەو ماددانەی پەیوەندیان بە هەرێمی کوردستانەوە هەیە، دەبێت هەرێمی کوردستان قسەی خۆی هەبێت بۆ ئەوەی مافەکانی خەڵکی هەرێمی کوردستان پارێزراو بێت.


ئەم بابەتە 68 جار خوێندراوەتەوە