چەند پەیامێک لە مەسروور بارزانی یەوە

پەیامی کورد    ...   چەند پەیامێک لە مەسروور بارزانی یەوە

مەسروور بارزانی، سەرۆکی حکوومەتی هەرێمی کوردستان لە گفتوگۆیەکی تایبەتدا لەگەڵ بەشێک لە هاونیشتمانییانی سنووری سلێمانی، باسی لە پرسی مووچە، کێشەکانی هەولێر و بەغدا، کۆچی گەنجان، هەلی کار و چەند بابەتێکی دیکەیش کرد.

سەرۆکی حکوومەتی هەرێمی کوردستان لە دەستپێکی دیدارەکەدا گوتی: ئەمە چەندین جارە کە بەشدار دەبم لەم جۆرە گردبوونەوانە ڕاستەوخۆ لەگەڵ هاووڵاتییانی خۆشەویست، گفتوگۆیەکی خۆمانە و ڕاستگۆیانە دەکەین لەسەر کۆمەڵێک بابەت کە گرنگن بۆ هاووڵاتییان و هەم بۆ وڵاتەکەمان، هەروەها بۆ پەیوەندی نێوان هاووڵاتی و حکوومەتیش.

هاوکات دەڵێت: من بە نوێنەرایەتی حکوومەت و شەخسی خۆشم، لە خزمەتی ئێوەی بەڕێز و خۆشەویست دام، بۆ ئەوەی زیاتر گوێ لە بۆچوونەکانی ئێوە بگرم، پرسیارەکانی ئێوە ئەگەر هەتانە، وەڵامتان بدەمەوە و گفتوگۆیەکی زۆر ڕاشکاوانە و خۆمانە و دۆستانەمان هەبێت.

هاووڵاتییەک پرسیارێکی ئاراستەی سەرۆکوەزیران کرد و گوتی: دەمەوێت باس لە ڕێژەی کۆچکردنی گەنجانە بۆ دەرەوەی وڵات، بۆ وڵاتانی ئەورووپی یان هاوشێوەکانی، بەتایبەتی لە سنووری ڕاپەڕین، لە دەڤەری قەڵادزێ و ڕانیە بەرنامەی حکوومەتی هەرێم چییە بۆ ڕەخساندنی هەلی کار بۆ ناوچەکەی ئێمە؟

سەرۆکوەزیران لە وەڵامی پرسیارەکەدا دەڵێت: بەڕاستی جێگەی داخە گەنجی ئێمە بیر لە کۆچکردن بکاتەوە، دەمەوێت زۆر بە ڕاشکاوی لەسەر ئەو بابەتە قسەیەک بکەم لەگەڵ ئێوە، ئەو گەنجەی کە کۆچ دەکات، ئایا پارە و خەرجی پێویستە بۆ کۆچکردن یان نا؟ پارە دەدات یان نا؟ پێش هەموو شتێک، پێم وایە ئەو قاچاخچی و بازرگانییە سیاسییانەی کە ژیانی هاووڵاتییانیان کردووەتە کاڵا بۆ بەرژەوەندی شەخسی خۆیان، ئەوانە تاوانباری یەکەمن.

باسی لەوە کرد، حکوومەت هاوکاری گەنجان دەکات بۆ ئەوەی کار بۆخۆیان بدۆزنەوە، هەروەها هەموو هەوڵێکمان داوە بۆ ئەوەی گرنگی بە فرەچەشنکردن و هەمەجۆرکردنی ئابووری لە کوردستان بدەین بۆ ئەوەی تەنیا ئیعتیمادی ئێمە لەسەر وزە و نەوت و گاز نەبێت. گرنگیمان بە کشتوکاڵ داوە، گرنگیمان بە بووژانەوەی گەشتوگوزاری داوە، گرنگیمان بە پیشەسازی داوە، بەڵام ئەمە بە شەو و ڕۆژێک ناکرێت، خۆزگە بەرنامەیەکی ڕێکوپێک لە ساڵانی ڕابردوو هەمووی هەبووایە بۆ ئەوەی ئێستا بەرهەمەکانیمان بینیبایە.

هەر لە بارەی دیدارەکە سەرۆکوەزیران مەسروور بارزانی لە هەژماری خۆی لە تۆڕی کۆمەڵایەتی ئێکس نووسیویەتی، "خۆشحاڵ بووم کە هەفتەی ڕابردوو، لەگەڵ خەڵکی سلێمانی بووم. گوێم لە ڕەخنە و خواستەکانیان بۆ داهاتوو گرت، ئەم گفتوگۆیانە لە سەرتاسەری کوردستان بەردەوام دەبن و کاریگەریان لەسەر باشتر جێبەجێکردنی کارنامەکەمان دەبێت.سوپاسی کوردستانییان دەکەم".


ئەم بابەتە 23490 جار خوێندراوەتەوە