ڕابەری دەستەی تەحریر شام داوای کۆتایی هێنان بە شەڕی ناوخۆی سووریا دەکات

پەیامی کورد   ...   ڕابەری دەستەی تەحریر شام داوای کۆتایی هێنان بە شەڕی ناوخۆی سووریا دەکات

ئەبوو موحەممەد جۆلانی، ڕابەری دەستەی تەحریر شام (HTS)، لە چاوپێکەوتنێکی تایبەتدا لەگەڵ تۆڕی CNN، جەختی لەسەر پێویستی درووستکردنی سووریایەکی نوێ کردەوە و ڕایگەیاند کە ڕژێمی ئەسەد “مردووە”.

جۆلانی ووتی: “ئێمە بەدوای دامەزراندنی حکوومەتێکین کە لەسەر بنەمای ئەنجوومەنی گەل بێت”. هەروەها جەختی کردەوە لەسەر پێویستی سیستەمێکی حوکمڕانی دامەزراوەیی، نەک سیستەمێک کە بڕیارەکانی لەسەر بنەمای خواستی تاکەکەسی بێت.

ڕابەری HTS هەروەها ئاماژەی بەوە کرد کە “هیچ گرووپێک مافی ئەوەی نییە گروپێکی دیکە لەناو ببات” و جەختی لەسەر مێژووی پێکەوەژیانی تایفە و نەتەوە جیاوازەکانی ناوچەکە کردەوە.

لە کۆتایی دا، جۆلانی ڕایگەیاند کە گروپەکەی هەڕەشە نییە بۆ سەر هیچ ووڵاتێک و داوای لە هەموو لایەک کرد پشتگیری لە هەوڵەکانیان بکەن بۆ کۆتایی هێنان بە شەڕی ناوخۆی سووریا.

ئەم لێدوانانە لە کاتێکدا دێن کە سووریا بۆ ماوەی زیاتر لە سێزدە ساڵە تووشی شەڕی ناوخۆ بووە و چەندین گرووپی چەکدار و هێزی دەرەکی تێیدا بەشدارن.


ئەم بابەتە 85 جار خوێندراوەتەوە