ڕافائێل گرووسی : ڕێککەوتنی ئەتۆمی لەگەڵ کۆماری ئیسلامی بێ مانا بووە

پەیامی کورد   ...   ڕافائێل گرووسی : ڕێککەوتنی ئەتۆمی لەگەڵ کۆماری ئیسلامی بێ مانا بووە

ڕافائێل گرووسی، بەڕێوبەری گشتی ئاژانسی نێودەوڵەتی ووزەی ئەتۆمی، بە ڕەتكردنەوەی بانگەشەکانی کۆماری ئیسلامی، ووتی: ڕێککەوتنی ئەتۆمی لەگەڵ ئێران بێمانا بووە و ئیتر کەس پابەند نییە پێیەوە.

بەگوێرەی ڕۆژنامەی "ئیزوستیا"ی ڕووسی، گرووسی لە چاوپێکەوتنی ئەم دواییەی خۆیدا ڕایگەیاندووە: "بە بڕوای من، پێویستە بۆ دیپلۆماسی بگەڕێینەوە، ئێمە پلانێکی تۆکمەی کاری هاوبەشمان هەبوو، ئێستا تەنها لەسەر کاغەز بوونی هەیە و هیچ مانایەكی نییە. كەس ئەوە جێبەجێ ناكات و پابەند نییە پێیەوە.

ناوبراو لە درێژەدا جەختی لەوە کردەوە کە مەرجی پێویست بۆ گەیشتن بە ڕێککەوتنێکی نوێ ئەوەیە کە کۆماری ئیسلامی ئێران ڕێگە بە پشکنەرانی ئاژانسی نێودەوڵەتی ووزەی ناوكی بدات كە دەستیان بە دامەزراوە ئەتۆمییەکان ڕابگات.

بەڕێوبەری گشتی ئاژانسی نێودەوڵەتی ووزەی ئەتۆمی زیادی کرد: نابێت سیناریۆی کۆریای باکوور دووبارە بکەینەوە کاتێک ڕوون بووەوە کە هەوڵەکان و دانووستانەکان لە ماوەی دەیان ساڵدا بێ کەڵک بوون.


ئەم بابەتە 30668 جار خوێندراوەتەوە