ڕاوێژکاری ناتانیاهوو : پلانەکەی بایدن لەسەر غەززە کەموکوڕی تێدایە و باش نییە
پەیامی کورد ... ڕاوێژکاری ناتانیاهوو : پلانەکەی بایدن لەسەر غەززە کەموکوڕی تێدایە و باش نییە
ئۆفیر فالک، یاریدەدەری بێنیامین ناتانیاهوو ، سەرۆکوەزیرانی ئیسرائیل جەختی لەوە کردەوە کە تەلئەبیب ڕێککەوتنێکی قبوڵکردووە بۆ کۆتایی هێنان بە شەڕی غەززە کە لەلایەن جۆ بایدن سەرۆکی ئەمریکاوە پێشنیار کراوە، بەڵام ئەو ڕێککەوتنەکەی بە کەموکوڕی وەسفکردووە، پێویستە کارێکی زیاتر لەسەر بکرێت ئەو.
بەگوێرەی ڕاپۆرتی خزمەتگوزاری وەرگێڕانی شەفقنە، کە لە زاری ئارتی عەرەبیەوە وەرگیراوە، ئۆفیر فالک، ڕاوێژکاری باڵای سیاسەتی دەرەوەی ناتانیاهوو ، لە چاوپێکەوتنێکدا لەگەڵ ڕۆژنامەی سەندەی تایمزی بەریتانی ڕایگەیاندووە، ئیسرائیل ڕەزامەندی دەربڕیوە لەسەر پێشنیارەکەی بایدن، هەرچەندە ئەم ئۆفەرە باش نییە، بەڵام ئێمە بە تووندی دەمانەوێت هەموو… بارمتەکان ئازاد بکرێن
ناوبراو لە درێژەی قسەکانیدا ووتی : ووردەکاری زۆر هەیە کە پێویستە کاری لەسەر بکرێت، چوونکە مەرجەکانی ئیسرائیل لەوانەش ئازادکردنی زیندانییەکان و دوورخستنەوەی حەماس هیچ گۆڕانکارییەکی بەسەردا نەهاتووە بە لەبەرچاوگرتنی ئەوەی کە ڕێکخراوێکی تیرۆریستییە و کۆمەڵکوژی ئەنجامداوە.
ئێوارەی ڕۆژی هەینی 31ی ئایار (11ی حوزەیران)، جۆ بایدن، سەرۆکی ئەمریکا لە وتارێکدا ڕایگەیاند، ئیسرائیل پێشنیاری "رێککەوتنی هەمەلایەنە"ی نوێی لە دانوستانەکان بۆ ئاگربەست لە کەرتی غەززە کردووە.
بایدن لە کۆشکی سپی ڕایگەیاند کە ئەمە ئاگربەستی تەواو و کشانەوەی هێزەکانی ئیسرائیل بۆ ماوەی شەش هەفتە لە کەرتی غەززە و ئازادکردنی دیلەکانی حەماس دەگرێتەوە.
لە قۆناغی یەکەمدا ئاگربەستێکی تەواو و بێ سنوور بۆ ماوەی شەش هەفتە جێبەجێ دەکرێت و هێزەکانی ئیسرائیل لە ناوەندەکانی نیشتەجێبوونی کەرتی غەززە دەکشێنەوە. ژمارەیەک زیندانی ئیسرائیلی کە ژن و بەساڵاچوو و بریندارەکانی تێدایە لەگەڵ تەرمی ئەو بارمتانەی کە کوژراون، ڕادەستی ئیسرائیل دەکرێن و زیندانییە ئەمریکییەکانیش ئازاد دەکرێن.
لەبەرامبەردا سەدان بەندکراوی فەلەستینی ئازاد دەکرێن. بەپێی ئەم ڕێککەوتنە هەمەلایەنە، خەڵکی مەدەنی فەلەستینی دەتوانن لە هەموو ناوچەکانی کەرتی غەززە بگەڕێنەوە سەر ماڵ و حاڵی خۆیان. هاوکات هاوکارییە مرۆییەکانیش زیاد دەکات و بە گوتەی بایدن، ڕۆژانە ٦٠٠ بارهەڵگر دەتوانن هاوکارییەکان بگەیەننە غەززە.
لەم قۆناغەدا ئیسرائیل و حەماس دانوستان لەسەر چۆنیەتی جێبەجێکردنی قۆناغی دووەمی ئاگربەست دەکەن. لەم دانوستانانەدا ئەمریکا، میسر و قەتەر ڕۆڵی ناوبژیوان دەگێڕن.
قۆناغی دووەمی ئەم پڕۆژەیە نزیکەی شەش هەفتەی دەوێت. لەم قۆناغەدا هێزەکانی ئیسرائیل بە تەواوی لە غەززە دەکشێنەوە. بزووتنەوەی حەماس هەموو بارمتە ماوەکانی بە زیندووی ئازاد دەکات، بە سەربازانی ئیسرائیلیشەوە.
لە قۆناغی سێیەمیشدا ئاوەدانکردنەوەی کەرتی غەززە بە پاڵپشتی ئەمریکا و کۆمەڵگەی نێودەوڵەتی ئەنجام دەدرێت. لەم قۆناغەدا خانوو و قوتابخانە و نەخۆشخانەکان ئاوەدان دەکرێنەوە.
ئەم بابەتە 38982 جار خوێندراوەتەوە