ڕاگەێندراوی كۆبوونەوەی فراوانى كۆمیتەی ناوەندی پارتی دیموكراتی كوردستان

پەیامی کورد   ...   ڕاگەێندراوی كۆبوونەوەی فراوانى كۆمیتەی ناوەندی پارتی دیموكراتی كوردستان

بەسەرپەرشتی سەرۆک بارزانی كۆمیتەی ناوەندی پارتی دیموكراتی كوردستان کۆبووەوە و ئەمەی خوارەوە دەقی ڕاگەێندراوەکەیە:

بەسەرپەرشتی سەرۆك مه‌سعوود بارزانی، كۆمیتەی ناوەندی پارتیمان، بە ئامادەبوونى هەڤاڵانى کۆمیتەى ناوەندى و بەرپرسى لقەکان، شەممە ١٥ ى شوباتى ٢٠٢٥، كۆبوونەوەی فراوانى خۆی ئەنجام دا.

كۆبوونه‌وه‌ به‌ ساتێك وه‌ستان بۆ ڕێزگرتن له‌ گیانی پاكی شه‌هیدانی كوردستان، سه‌روه‌ریان بارزانی نه‌مر و كاك ئیدریسی هه‌میشه‌ له‌یاد ده‌ستی پێكرد، دواتر چەند پرسێکى ناوچەیى و جیهانى و، بابەتى پەیوەست بە ڕێکخستنى ناوخۆیى گفتوگۆیان لەبارەوە کرا و بڕیارى پێویست وەرگیرا.

تەوەری یەكەم/ کێشە و گۆڕانکارییەکانى ئاستى جیهان و ناوچەکە، ڕووداوەکانى شەڕى غەزە و هەڵوێستى حکوومەتەکانى ئەمریکا، ئەورووپى و عەرەبییەکان و، ئاکامەکانى شەڕ و ئاڵۆزییەکان بۆ هەردوو لایەنى شەڕکەر و، کاریگەرى لەسەر کۆى پرسى فەڵەستین و ڕەنگدانەوەى لەسەر ژیان و ئایندەی کەرتى غەزە بە تایبەتى و فەلەستین بە گشتى خرانە بەر باس و گفتوگۆیان لەبارەوە کرا.

ته‌وه‌ری دووه‌م/ گۆڕانکارییەکانى سووریا و کاریگەرییان لەسەر ناوچەکە بەگشتى و کوردستانى سووریا بە تایبەتى، ئاکامەکانى کەوتنى ڕژێمى بەعس لە سوورىا و هاتنە سەر دەسەڵاتى لایەنە بەرهەڵستکارەکان بە سەرۆکایەتى (ئەحمەد شەرع) تیشکى خرایەسەر و، تەواوى لایەنەکانى ئەو گۆڕانکارییە شرۆڤەکران، هەروەها کاریگەرىى لایەنە دوور و نزیکە دەرەکییەکان لەسەر چۆنیەتى بەڕێوەبردنى سوریاى نوێ و ئاراستەى سیاسى ئەو دەسەڵاتەى ئێستا و چۆنیەتى مامەڵەکردنى لەگەڵ پێکهاتە نەتەوەیى و ئائینی یەکانى ووڵاتەکە لەلایەک و، لەلایەکى دیکەوە چۆنیەتى مامەڵەکردنى دەسەڵاتى نوێ لە هەمبەر چارەسەرى کێشەى کورد و کۆتاییهێنان بە پێشێلکاریەکانى مافەکانى کورد لە ڕابردوودا، گفتوگۆیان لەبارەوە کرا.

هەروەها کۆبوونەوەى جەنابى سەرۆک بارزانى لەگەڵ فەرماندەى هێزەکانى هەسەدە، هاوکات تەواوى هەوڵەکانى جەنابى سەرۆک بۆ نزیککردنەوە و پێکەوە کارکردنى لایەنە کوردیەکانى سووریا لە پێناو ئەوەى بە یەکەوە بەشێکى سەرەکى گفتوگۆکانى دامەزراندنەوەى سووریاى نوێ بن،  بە گرینگ و ئامانجدار هەڵسەنگێندران. لایەنە ئەرێنى و نەرێنیەکانى گۆڕانکاری سووریا لەسەر پەیوەندییەکانى ووڵاتانى نەوچەکەش خوێندنەوەى پێویستى بۆ کرا.

تەوەرى سێیەم/ پڕۆسەى ئاشتى لە تورکیا و سەردانى شاندى دەم پارتى بۆ هەرێمى کوردستان،

ئەم پڕۆسە گرینگ و کاریگەرە پێویستى بە زەمینە خۆشکردن و هاوفکرى و هاوکارى هەیە، ئەوەى بۆمانبکرێت و پێویست بێت و لێمان داوابکرێت هاوکار و زەمینەخۆشکار دەبین، لەم بارەوە بە ئەرکى سەرجەم لایەنەکانى دەزانین بەرژەوەندی نەتەوایەتى و کۆمەڵگا بخەنە سەروى تەواوى بەرژەوەندییەکانى دیکە.

تەوەرى چوارەم/ ڕووداو و گۆڕانکارییەکانى لوبنان،

دوابەدواى ڕووبەڕوبوونەوەکانى حزب اللەى لوبنانى و دەوڵەتى ئیسرائیل و، ئاستى شەڕ و پێکدادانەکان و کاریگەرییان لەسەر دانیشتوانى سەرتاسەرى لوبنان و کۆچى بە کۆمەڵى لوبنانیەکان بۆ دەرەوە، هەروەها مامەڵەى ووڵاتان لەگەڵ ئەم ڕەوشە نالەبارە و کردەوە خوێناویانە، گۆڕانکارى لە دید و بۆچوونى لایەنە سیاسیە جیاجیاکانى لوبنان دروستکرد و، بۆ دواى ڕێککەوتن و ئاگربەست پەیوەندییە ناوخۆیى و دەرەکیەکانى لوبنان گۆڕانکارى ڕیشەییان بەسەرداهات، بەجۆرێک هاوتەریب لەگەڵ ئاگربەستدا دامەزراوەکانى ووڵاتەکە (سەرۆکى لوبنان و حکوومەت) کە ماوەیەکى زۆربوو ئاستەنگیان بۆ درووست کرابوو، هەڵبژێردران و دەستبەکاربوون، ئەم زەمینەیە و کارابوونەوەى دامەزراوەکان کاریگەرى زۆرى هەبوو لەسەر پێداچوونەوە بە پەیوەندییەکان لەگەڵ ووڵاتانى دراوسێ و، ڕۆڵ و پەیوەندییەکانى حزب اللە لە ناوچەکە دا.  

تەوەرى  پێنجەم/ په‌یوه‌ندییه‌کانى پارتیمان لەگەڵ لایەن سیاسییەکانى عێراق: 

هەر لە سەرەتاى دامەزراندنى کابینەى بەڕێز (محمد شیاع سوودانى) لەسەر بنەماى ڕێککەوتنى سیاسى و ئیدارى لەگەڵ لایەنەکانى چوارچێوەى هەماهەنگى و لایەنەکانى سوننى، هەوڵەکانمان بە ئاراستەى پشتگیرى حکوومەت بۆ بەڕێوەچوونى کار و خزمەتى خەڵک و جێبەجێکردنى کارنامەى حکومەت بووە، سەبارەت بە بوودجە و مووچەى فەرمانبەرانى هەرێمى کوردستان و جێبەجێ نەکردنى بڕگەکانى ڕێککەوتنەکان، کۆبوونەوە جەختى لەسەر چارەسەرکردنى کێشەکان لە ڕوانگەى دەستوور و ڕێککەوتنەکان کردوە و، کۆبوونەوە جەختى کردەوە کە شایستە داراییەکان و مافە دەستوورییەکانى هەرێمى کوردستان بە سیاسى نەکرێن و ماددە دەستوورییەکان وەکو ئەوەى کە لە دەستووردا هاتوون خوێندنەوەیان بۆ بکرێت و جێبەجێ بکرێن. هەروەها کۆبوونەوە پشتیوانى خۆى بۆ هەوڵ و هەنگاوەکانى حکوومەتى هەرێمى کوردستان دووپاتکردەوە بۆ چارەسەری هەمیشەیى گیروگرفت و کێشەکان.

تەوەرى شەشەم/ بابەتى پێکهێنانى کابینەى دەیەمى حکوومەتى هەرێمى کوردستان و گفتوگۆ و هەنگاوەکانى دانووستاندن، 

دواى ئەنجامدانى هەڵبژاردن لە ٢٠ى ئۆکتۆبەى ٢٠٢٤، پارتیمان لیژنەیەکى باڵاى تایبەتى بۆ گفتوگۆ لەگەڵ لایەنەکان پێکهێنا و، دواى ڕاگەیاندنى ئەنجامەکانى هەڵبژاردن لیژنەکەمان سەردانى تەواوى ئەو لایەنە سیاسییانەى کە بەشدارى هەڵبژاردن بوون کرد، بیروڕا گۆڕینەوە و زەمنەخۆشکردن بۆ کۆبوونەوە و دەست بەکاربوونى پەرلەمان و پێکهێنانى کابینەى نوێ لە چەندین گەڕى کۆبوونەوەکان لێکتێگەیشتن و لێکنزیکبوونەوە درووست بوو و، لەسەر زۆر بابەتى سیاسى و ئیدارى لەگەڵ یەکێتى نیشتمانى کوردستان هاوڕایى درووست بووە و پێویستى بە گفتوگۆى زیاتر هەیە کە لەم هەفتەیەدا دەست پێدەکات و چاوەڕوانین لە کاتێکى نزیکدا موژدەى پێکهێنانى سەرۆکایەتى پەرلەمان و کابینەى نوێ لە سەر بنەماى یەک هەرێم، یەک حکوومەت، یەک هێزى لەشکر، ڕابگەێندرێ. 

تەوەرى حەوتەم/ بابەتەکانى ناوخۆى پارتیمان

بابەتى پڕۆسەى هەڵبژاردنى ئۆرگانەکانى پارتیمان لە سنوورى هەرسێ مەکتەبى ڕێکخستنى پارێزگاکانى نەینەوا و کەرکوک گەرمیان و بەغدا، کە بەگوێرەى پەیڕەوى ناوخۆى پارتیمان و لە چوارچێوەى ڕێنماییەکان ئەو پڕۆسە گرینگە بە سەرکەوتووى ئەنجامدرا و کۆتایى هات.

بابەتى پەیمانگاى پێگەیاندنى کادران، لە ڕوانگەى گرینگیدان بە پڕۆسەى ڕۆشنبیرکردن و پێگەیاندن و شیاندنى کادران، ٢٠ئەمین خولى پەیمانگاى کادیران بە گوێرەى پلان و پرۆژەیەکى سەردەمى و نوێ دەکرێتەوە، کۆبوونەوە ئەو بریارەى بە هەنگاوێکى پێویست زانى.

بابەتى هەڵبژاردنى داهاتووى ئەنجوومەنى نوێنەرانى عێراقى فیدراڵ و چۆنیەتى ئامادەکاریەکان، کارى لەپێشینە و گرینگى ئۆرگانە جیاجیاکانى پارتیمان خۆئامادەکردن دەبێت بۆ ئەم هەڵبژاردنە لە هەموو ڕوویەکەوە، لەم ڕونگەوە کۆبوونەوە لیژنەیەکى بۆ دیراسەکردنى بابەتە یاسیاییەکان و ڕێکخستنى هەنگاوەکان پێکهێنا.

دوابەدواى ئەنجامدانى هەڵبژاردنى ئۆرگانەکانى پارتیمان لە ناوخۆى هەرێم و سنوورەکانى دەرەوەى هەرێم بە دوو قۆناغ، لیژنەیەکى هەڵسەنگاندن پێکهات بۆ دیراسەکردنى خاڵە بەهێز و لاوازەکانى پڕۆسەکە و پێشنیارەکان، بۆیە بەپێویست زانرا دەست بە جێبەجێ کردنى ناوەرۆکى هەڵسەنگاندنەکە بکرێت، بۆ ئەم مەبەستە مەکتەبى سیاسى ڕاسپێردرا بۆ کار و هەنگاوى پێویست. 

 

                                                                                       كومیته‌ی ناوه‌ندی 

                                                                                پارتی دیموكراتی كوردستان

                                                                                        ١٥ى شوباتى ٢٠٢٥


ئەم بابەتە 48 جار خوێندراوەتەوە