ڕاگەێندراوێک لە وەزارەتی دارایی و ئابوورییەوە

پەیامی کورد   ...   ڕاگەێندراوێک لە وەزارەتی دارایی و ئابوورییەوە

لەچەند ڕۆژی ڕابردوودا شاندێکی تەکنیکی وەزارەتی دارایی و ئابووری ھەرێمی کوردستان و فەرمانگەی تەکنۆلۆژیای زانیاری سەردانی بەغدادی پایتەختیان کرد و لەگەڵ فەرمانگەی ژمێریاری و بوودجەی وەزارەتی دارایی حکوومەتی فیدڕاڵ چەند کۆبوونەوەیەکیان ئەنجامدا، لەبارەی چەند تەوەرێکی تایبەت بەکێشەکانی لیستی مووچە و ڕاگرتنی تەمویلی مووچە، لەسەر چەند خاڵێک گەیشتنە لێکتێگەیشتن و ڕێککەوتن کە گرنگترینیان ئەمانەی خوارەوەن:

١- شاندی وەزارەتی دارایی ھەرێمی کوردستان لیستی مووچەی مانگی ئاب و ئەیلوولیان بەبێ کەموکوڕی و بەو شێوازە پێشکەش کرد کە وەزارەتی دارایی حکوومەتی فیدڕاڵ دوایین جار داوای کردبوو.

٢- بۆ پڕکردنەوەی ئەو کورتھێنانەی بۆ مووچەی مانگی ئاب دروست بووە کە بڕەکەی (٢٤٣،٠٠٠،٠٠٠،٠٠٠) دوو سەد و چل و سێ ملیار دینارە، وەزارەتی دارایی حکوومەتی فیدڕاڵی بڕیاری داوە بە خەرجکردنی ئەو لێ بڕینانەی لە مانگی شوبات تا مانگی ئاب ڕاگیرابوون، ھەروەک بڕیارە سەرەتای ھەفتەی داھاتوو لەگەڵ گەیشتنی گوژمەی تەواوکاری لەلایەن وەزارەتی دارایی حکوومەتی فیدڕاڵیەوە دەست بە دابەشکردنی مووچە بکرێتەوە.

٣- چاوەڕوانین لە نزیکترین کاتدا دەست بە ناردنی تەمویلی مووچەی مانگی ئەیلوولی فەرمانبەرانی ھەرێمی کوردستان بکرێت، بۆ ئەو مەبەستە لە ئێستادا وردبینی لە لیستەکاندا دەستی پێکردووە.

٤- کێشەکانی تایبەت بە دووبارە بوونەوەی کۆدی بایۆمەتری و ناوی دووبارە بەشی زۆری چارەسەرکرا کە ھەمووی کێشەی ھونەری بوون، وە ھەموو ئەو فەرمانبەرانەی ناوەکانیان لەیەک چووە یان کۆدیان دووبارە بووە، وردبینی و بەدواداچوونیان بۆ کراوە و چارەسەرکراون، بۆ ئەوانەشی کە تا ئێستا بایۆمەتریان نییە، تا (٢٠٢٤/١٢/٣١) مۆڵەتیان پێدراوە بۆ خۆتۆمارکردن.

وەزارەتی دارایی و ئابووری ھەرێمی کوردستان.

٢٠٢٤/٩/٢٦


ئەم بابەتە 47273 جار خوێندراوەتەوە