ڕوونکردنەوەیەک لە وەزارەتی دارایی و ئابووری هەرێمی کوردستان ەوە
پەیامی کورد ... ڕوونکردنەوەیەک لە وەزارەتی دارایی و ئابووری هەرێمی کوردستان ەوە
لەدوای بڵاو بوونەوەی گشتاندنی دارایی ژمارە ( ٤ ) ی ساڵی (٢٠٢٥ ) لەڕێکەوتی ( ٢٠٢٥/٦/٢ ) تایبەت بە لێبڕینی خانەنشینی، وەک لە گشتاندنەکەدا هاتووە کە پاڵپشتە بە جێبەجێکردنی یاسای خانەنشینی یەکگرتووی عێراق و دوو نووسراوی ئەنجوومەنی وەزیرانی هەرێمی کوردستان ژمارە ( ٥٩٨٩ لە ٢٠٢٥/٥/١٥ ) و ژمارە ( ٦١٧٠ لە ٢٠٢٥/٥/١٩ ) و کۆ نووسی کۆتایی لیژنەی فەرمانی دیوانی ژمارە ( ٢٤٦٦٠ ) ی ساڵی ( ٢٠٢٤ ).
لێرەو لەوێ لەلایەن چەند پەرلەمانتارێکی پۆپۆلیست و کەسانی بەناو ڕەخنەگری بێ ئاگا کە لەسەر هەموو شت قسە دەکەن بەبێ ئەوەی هیچ شارەزایی یەکیان لەو بابەتانەدا هەبێت چەندین بوختان و چەواشەکارییان لەسەر ناوەرۆکی گشاندنەکە بڵاوکردووەتەوە.
لەپێناو ئەوەی چیتر ڕای گشتی بەلاڕێ دا نەبرێت بەپێویستمان زانی بەم چەند خاڵەی خوارەوە ڕاستییەکان بخەینە ڕوو.
١- دوای بەرکاربوونی یاسای خانەنشینی یەکگرتوو ژمارە ( ٩ ) ی ساڵی ( ٢٠١٤ ) لە هەرێمی کوردستان بەپێی بریاری ژمارە ( ٢٥٩ ) لە ٢٠٢٤/٧/٣ و سەپاندنی ڕێژەی ( ١٠٪ ) لێبڕینی خانەنشینی ( توقیفات التقاعدیە ) لەسەر فەرمانبەرانی هەرێمی کوردستان بەمەش ڕێژەی ( ٣٪ ) لێبڕینی خانەنشینی لە ڕێکەوتی ( ٢٠١٤/١/١) تا ( ٢٠٢٤/٦/٣٠ ) وەکوو قەرز تۆمار دەکرێت لەسەر فەرمانبەران و خانەنشینان کە بەپێی نووسراوی وەزارەتی دارایی حکوومەتی فیدراڵ بەژمارە ( ١٩١٠٠ ) لە ڕێکەوتی ( ٢٠٢٥/٥/٨ ) کە ئاڕاستەی نوێنەرایەتی حکوومەتی هەرێم لە بەغداد کراوە و تیایدا کۆ نووسی لیژنەی کۆتایی لە ڕێکەوتی ( ٢٠٢٥/٣/٩ ) هاوپێچ کراوە ئەم لێبڕینەی سەپاندووە بەسەر فەرمانبەران و خانەنشینانی حکوومەتی هەرێمی کوردستان کە وەزارەتی دارایی حکوومەتی فیدراڵ لە ڕێکەوتی ( ٢٠٢٥/٦/١ ) لێبڕینەکە لە مووچەی خانەنشینان و فەرمانبەران دەخاتە بواری جێبەجێ کردنەوە.
٢- ئەو لێبڕینە هیچ پەیوەندی بە حکوومەتی هەرێمی کوردستان و وەزارەتی دارایی و ئابووری هەرێمی کوردستانەوە نییە، بەڵکوو لەسەر بڕیاری وەزارەتی دارایی حکوومەتی فیدراڵ و خودی وەزیری دارایی حکوومەتی فیدراڵ ئەو بڕیارە جێبەجێ کراوە، لەمانگی شوباتەوە وەزارەتی دارایی حکوومەتی فیدراڵ هەوڵیداوە ئەو لێبڕینە جێبەجێ بکات و بەماوەیەکی کورتیش پارەکە وەربگرێتەوە ، بەڵام بەهەوڵی تیمەکانی وەزارەتمان ماوەی وەرگرتنەوەی ئەو قەرزە درێژ کرایەوەو چەند مانگێکیش جێبەجێ کردنەکەی دواخرا، کە هەموو مانگێک وەزارەتی دارایی حکوومەتی فیدراڵ ئەو لێبڕینەی کردبووە یەکێک لە مەرجەکانی ناردنی تەمویلی مووچە.
٣- چۆن جێبەجێکردنی یاسای خانەنشینی یەکگرتووی عێراق بووەتە هۆی سوودمەند بوونی سەدان هەزار خانەنشین و فەرمانبەر کە لە داهاتوودا بەم یاسایە خانەنشین دەبن، دەبێت ئەو پابەندیەش جێبەجێ بکرێت کە بریتییە لە دانەوەی ئەو جیاوازی لێبرینە کە لایەنێکی تری یاساکەیە.
٤-ئەم لێبڕینی لە ( ٣٪ )یە، کە مانگانە لەلایەن وەزارەتی دارایی حکوومەتی فیدراڵ ەوە لە مووچەی فەرمانبەران و خانەنشینان گل دەدرێتەوە، ڕاستەوخۆ دەچێتە ناو سندووقی خانەنشینی یەکگرتووی حکوومەتی فیدراڵ ەوە .
٥- جێبەجێ کردنی ئەو لێبڕینی خانەنشینی یە یەکێک بوو لە تێبینییەکانی تیمی هاوبەشی دیوانی چاودێری دارایی عێراق و هەرێمی کوردستان بۆ بەرکاربوونی یاسای خانەنشینی یەکگرتووی عێراق و ناردنی تەمویلی مووچەی مانگانە لە سەرەتای ئەمساڵەوە.
لە کۆتایی دا ووڵامی پەرلەمانتاری یەکگرتووی ئیسلامی کورستان لە پەرلەمانی عێراق ( دارا سێکانیانی ) و هاوشێوەکانی و ئەو کەس و لایەنانەی کوێرانە بوختانیان بۆ حکوومەتی هەرێم و وەزارەتی دارایی و ئابووری هەرێمی کوردستان کردووە لەم بابەتەدا بەم ئایەتە پیرۆزە دەدەینەوە ( يَا أَيُّهَا الَّذِينَ آمَنُوا إِن جَاءَكُمْ فَاسِقٌ بِنَبَإٍ فَتَبَيَّنُوا أَن تُصِيبُوا قَوْمًا بِجَهَالَةٍ فَتُصْبِحُوا عَلَىٰ مَا فَعَلْتُمْ نَادِمِينَ ).
بەڕێوبەرایەتی گشتی ژمێرکاری / وەزارەتی دارایی و ئابووری
٢٠٢٥/٦/٣
ئەم بابەتە 30 جار خوێندراوەتەوە