ڕۆیتەرز : نێوەندگیری قەتەر لە دۆسیەی ئاگربەستی غەززە ڕادەگیرێت
پەیامی کورد ... ڕۆیتەرز : نێوەندگیری قەتەر لە دۆسیەی ئاگربەستی غەززە ڕادەگیرێت
هەندێک سەرچاوە بانگەشەی ئەوە دەکەن کە قەتەر بەنیازە نێوەندگیرییەکەی لە دۆسیەی ئاگربەستی غەززە ڕابگرێت.
بە پێی ڕاپۆرتی ئاژانسی هەواڵی ئینگلیز ڕۆیتەرز بە پشت بەستن بەو سەرچاوانەی کە بە ئاگاداری دەزانێت، بانگەشەی ئەوەی کردووە کە قەتەر نێوەندگیری لە دۆسیەی ئاگربەست لە غەززە ڕادەگرێت.
ئەم سەرچاوانە بانگەشەی ئەوە دەکەن کە ئەم نێوەندگیرییە لە دانووستانەکاندا دەوەستێنرێت تا ئەو کاتەی حەماس و ئیسرائیل "ویستی ڕاستگۆیانە بۆ گەڕانەوە بۆ سەر مێزی دانووستان نیشان دەدەن".
ئەم بانگەشەیە لە کاتێکدایە کە حەماس چەندین جار ڕێککەوتنی خۆی لەگەڵ ئاگربەست ڕاگەیاندووە، بەڵام بێنیامین ناتانیاهوو ، سەرۆکوەزیرانی ئیسرائیل ، بە خستنەڕووی داخوازی نوێ بەرد دەخاتە سەر ڕێگای دانووستانەکان.
یەکێک لە هۆکارەکانی دەرکردنی یۆئاڤ گالانت لە وەزارەتی شەڕی ئیسرائیل ، ناکۆکی لەگەڵ ناتانیاهوو بوو لەسەر ئاگربەست، چوونکە تەنانەت گالانت پێی وابوو کە ناتانیاهوو بەدوای ئاگربەست و ئاڵوگۆڕی دیلەکان دا ناگەڕێت.
ئەو سەرچاوانەی کە ڕۆیتەرز ئاماژەی پێکردووە، هەروەها بانگەشەی ئەوە دەکەن کە دۆحە بە حەماسی ڕاگەیاندووە کە نوسینگەی دۆحە چیتر خزمەت بەو ئامانجە ناکات کە بۆی دامەزرا.
ماڵپەڕی ئەکسیووس بانگەشەی ئەوەی کرد کە قەتەر داوای لە حەماس کردووە نووسینگەکەی لە دۆحەوە بۆ شوێنێکی دیکە بگوازێتەوە. ئیدیعایەک کە سەرچاوەیەکی ئاگادار لە حەماس لە چاوپێکەوتنێکدا لەگەڵ ئەلمەیادین ڕەتیکردەوە.
ڕۆیتەرز بانگەشەی ئەوە دەکات کە قەتەر ئیسرائیل ، حەماس و حکوومەتی ئەمریکای لە بڕیاری هەڵپەساردنی ڕۆڵی دۆحە لە دانووستانەکاندا ئاگادار کردووەتەوە.
ئەم بابەتە 37 جار خوێندراوەتەوە