ڕێکخراوی مافی مرۆڤی ئێران : لە مانگی ئاگۆست دا لانیکەم ١٤٢ کەس لە ئێران لە سێدارە دراون

پەیامی کورد   ...   ڕێکخراوی مافی مرۆڤی ئێران : لە مانگی ئاگۆست دا لانیکەم ١٤٢ کەس لە ئێران لە سێدارە دراون

ڕێکخراوی مافی مرۆڤی ئێران ڕۆژی چوارشەممە ١٢ی خەرمانان، ئامارێکی نوێی سەبارەت بە شەپۆلی لەسێدارەدانەکان لە ئێران بڵاو کردەوە.

بەپێی ئەم ڕاپۆرتە لە مانگی ئاگۆستی ئەمساڵ دا لانیکەم ١٤٢ کەس لە ئێران لە سێدارە دراون و لە هەشت مانگی یەکەمی ئەمساڵ دا لانیکەم ٨٦٤ کەس لە سێدارە دراون.

لەناو ئەو ١٤٢ لەسێدارەدانەی لە مانگی ئاگۆست دا تۆمار کراون، ٤ ژن، ٥ کەسی ئەفغانستانی، ١١ بەلووچ، ٦ کورد و ٣ عەرەب دەبینرێت. تەنیا لەسێدارەدانی خەڵکی بەلووچ کەمتر لە ٨ لەسەدی ئەم ئامارە لەخۆ دەگرێت و ئەمەش ئاماژەیە بۆ زیادبوونی فشار و سەرکوتکارییەکان لەسەر کەمینە نەتەوەییەکان لە ئێران دا.

ئەم ئامارە بە بەراورد بە ١٠٥ لەسێدارەدان لە مانگی ئاگۆستی ٢٠٢٤ گەشەی ٣٥ لەسەدی نیشان دەدات.

بەپێی ئاماری ڕێکخراوی مافی مرۆڤی ئێران، تەنیا پێنج حاڵەت واتا کەمتر لە خوار لەسەدی لەسێدارەدانەکان لە مانگی ئاگۆستی ٢٠٢٥ لەلایەن میدیای فەرمییەوە ڕاگەێندراوە. هەروەها ٧٦ کەس بە تۆمەتی پەیوەندیدار بە ماددە هۆشبەرەکانەوە لە سێدارە دراون، کە ٥٤ لەسەدی سەرجەم لەسێدارەدانەکان دەگرێتەوە.

تۆمەتی ٦٢ کەس کوشتنی بەئەنقەست بووە؛ دوو زیندانی ئەمنییەتی بە تۆمەتی "سیخوڕی کردن بۆ ئیسرائیل" و ئەوەی دیکەیان بە تۆمەتی"ئەندامبوون لە گرووپێکی ئیسلامی'' بە تۆمەتی موحاربە و "افساد فی‌الارض" لە سێدارە دراون و هەروەها دوو کەس بە تۆمەتی دەستدرێژی سێکسی لە سێدارە دراون.

ئاماری ڕێکخراوی مافی مرۆڤی ئێران نیشان دەدات کە ژمارەی لەسێدارەدانەکان لە هەشت مانگی یەکەمی ئەمساڵدا (لانیکەم ٨٦٤ لە سێدارەدان ) بە بەراورد بە هەشت مانگی ساڵی ڕابردوو کە ٤٣٢ لەسێدارەدان تۆمار کرابوو، بەرزبوونەوەی ١٠٠ لەسەدی نیشان دەدات.
 


ئەم بابەتە 13 جار خوێندراوەتەوە