ڕێککەوتنی ئاگربەستی نێوان ئیسرائیل و حەماس لە نزیكە لە یەکلاکردنەوەی کۆتایی
پەیامی کورد ... ڕێککەوتنی ئاگربەستی نێوان ئیسرائیل و حەماس لە نزیكە لە یەکلاکردنەوەی کۆتایی
بەپێی هەواڵی ئاژانسی ئەڵمانی و میدیای ئیسرائیلی، حکوومەتی ناتانیاهوو و تاقمی تیرۆریستی حەماس لەسەر ئاگربەست لە کەرتی غەززە گەیشتوونەتە ڕێککەوتنی سەرەتایی و تەنیا ووردەکارییەکانی ماونەتەوە كە پێویستییان بە دانووستان هەیە.
بەگوێرەی ڕۆژنامەی تایمزی ئیسرائیل، دانووستانەکان لە دەوحەی پایتەختی قەتەر بە نێوەندگیری ئەو ووڵاتە بەردەوامن و تەنیا بابەتی وەک کات و شوێنی کشانەوەی سوپای ئیسرائیل لە هەندێک ناوچەی کەرتی غەززە ماوە دیاری بكرێت.
حەماس داوای پلان و خشتەی کاتی وورد بۆ ئەم کشانەوەیە دەکات، و دەیەوێت ئەم پرۆسەیە لە ژێر چاودێری نێوەندگرانی نێودەوڵەتیدا ئەنجام بدرێت، بۆ ئەوەی ڕێکخراوە جیهانییەکان بتوانن چاودێری جێبەجێکردنی بکەن.
ئەنتۆنی بلینکن، وەزیری دەرەوەی ئەمریکا لە واشینتۆن ڕایگەیاند، ئێستا نۆرەی حەماسە و دەشڵێت: چاوەڕوانی ووڵامی کۆتایی حەماس ەوەین سەبارەت بە ڕێککەوتنەکە.
ئاماژەی بەوەشکرد، ئەگەری هەیە ڕێککەوتنەکە بکرێت، بەڵام دیار نییە پێش دەست بەکاربوونی دۆناڵد ترامپ لە ڕۆژی دووشەممەی داهاتوو (20ی جانیوەری ) ڕێککەوتنەکە ئەنجام دەدرێت یان نا.
ڕۆژنامەی تایمزی ئیسرائیل بە پشت بەستن بە دیپلۆماتکارانی عەرەبی ڕایگەیاندووە کە دەکرێت ئەمڕۆ یان سبەی پێنجشەممە ڕێککەوتنێک لە شێوەی بەیاننامەیەکی هاوبەشی ئەمریکا و قەتەر و میسر ڕابگەێندرێت کە ئامانج لێی کۆتایی هێنان بە شەڕی ١٥ مانگەی غەززەیە.
ئەم سێ ووڵاتە وەک نێوەندگیری نێوان ئیسرائیل و حەماس مامەڵە دەکەن، بەو پێیەی هەردوولا ڕاستەوخۆ دانووستان لەگەڵ یەکتر ناکەن.
ئەم بابەتە 79 جار خوێندراوەتەوە