ڕێککەوتنەکانی نێوان ھەرێم و ئەمریکا دەبێتە دەرگای خێر بۆ ھەرێم و عێراق
پەیامی کورد ... ڕێککەوتنەکانی نێوان ھەرێم و ئەمریکا دەبێتە دەرگای خێر بۆ ھەرێم و عێراق
جێگری پێشووی سەرۆکی پەرلەمانی عێراق ووتی "ئەو ڕێککەوتنەی حکوومەتی ھەرێمی کوردستان لەگەڵ ئەمریکا ئەنجامی داوە دەرگایەکی خێر دەبێت بۆ ھەرێمی کوردستان و عێراق، دەبێتە ھەنگاوێکیش بۆ ئەوەی یاسای نەوت و گاز لە عێراق دەربکرێت، بۆیە ئەو ڕێککەوتنە یاسایی و دەستوورییە."
دکتۆر بەشیر خەلیل حەداد، جێگری پێشووی سەرۆکی پەرلەمانی عێراق، ڕایگەیاند "ئەو گرێبەستەی حکوومەتی ھەرێمی کوردستان لەگەڵ ئەمریکا ئەنجامی داوە چاوەڕێ دەکرێت بببێتە دەرگایەکی خێر و ئاوەدانی بۆ عێراق و ھەرێمی کوردستان، چوونکە ڕێککەوتنێکی ئاوا گەورە لەگەڵ ووڵاتێکی زلھێزی وەکوو ئەمریکا ڕۆڵی خۆی دەبێت، بۆیە ئومێدەوارین سوود و قازانجی ھەموو لایەکی تێدابێت، ئەمەش دەبێتە ھۆی ئەوەی یاسای نەوت و گاز خێراتر بکات، چوونکە نەبوونی ئەو یاسایە مامەڵەکردن لەگەڵ نەوت و گازی لە عێراق و ھەرێمی کوردستان خستووەتە ناکۆکی و ململانێ، بۆیە ئێستا عێراق ناتوانیت دژی ئەو گرێبەستە بێت، پێویستە ئەمە ببێتە ھۆی دەرکردنی یاسای نەوت و گاز، ئەو کات عێراق و ھەرێمی کوردستان بەپێی یاسا ئەرکی خۆیان دەزانن."
دکتۆر بەشیر خەلیل حەداد ووتیشی "ئەو گرێبەستەی حکوومەتی ھەرێمی کوردستان لەگەڵ ئەمریکا ئەنجامی داوە بە ھیچ شێوەیەک دژی یاسا و دەستوور نیە، بگرە خێری بۆ عێراق و ھەرێمی کوردستان ھەیە، بۆیە پێویستە حکوومەتی عێراق لەجیاتی ئەوە ناڕازی بێت، بێت یاسای نەوت و گاز دەربکات و خۆی سوودمەندی یەکەم دەبن لەو کارە."
دەشڵێت "حکوومەتی ھەرێمی کوردستان ئەو گرێبەستەی کردوویەتی پێشتر پرس و ڕاوێژی لەگەڵ شارەزایانی یاسا، دەستوور و بواری ووزە کردووە، لەخۆیەوە ئەو کارەی نەکردووە، دڵنیابووە یاسایی و دەستوورییە ئەو کات گرێبەستەکەی ئەنجام داوە، پێم وایە دەرچەیەکی خێر دەبێت بۆ ھەموو پەیوەندییەکانی نێوان ھەرێمی کوردستان و عێراقیش."
ئەم بابەتە 43 جار خوێندراوەتەوە