ژمارەیەک بەندئاو ئەمساڵ لە ھەرێم درووست دەکرێن
پەیامی کورد ... ژمارەیەک بەندئاو ئەمساڵ لە ھەرێم درووست دەکرێن
بەڕێوبەری گشتی بەندئاوەکان و کۆگاکردنی ئاو ئاماژەی بۆ ئەوە کرد : لەگەڵ بەغدا دانووستان دەکەین بۆ ئەوەی ئەو بەندئاوانەی بڕیارە لەسەر بوودجەی عێراق دروست بکرێن ئەمساڵ جێبەجێ بکرێن، دەشڵێ: بەھۆی بارانی ئەمساڵ ڕێژەیەکی زۆر ئاو لەنێو بەندئاوەکان ھەیە.
ڕەحمان خانی، بەڕێوبەری گشتی بەندئاوەکان ڕایگەیاند : لەگەڵ حکوومەتی فیدڕاڵ دانووستان دەکەین بۆ دەستپێکردنی ئەو چوار بەندئاوەی بڕیارە لەسەر بوودجەی عێراق لە ھەرێمی کوردستان درووست بکرێن، چوونکە درووستکردنی ئەو بەندئاوانە کاریگەرییان دەبێت لەسەر کەرتی ئاو و گەشت و گوزار و کشتوکاڵ، لە ھەرێم، ھەرچەندە بڕیاری درووستکردنی ئەو چوار بەندئاوە دەرچووە، بەڵام ھێشتا نەچوونەتە بواری جێبەجێکردن.
بەڕێوبەری گشتی بەندئاوەکان دەڵێت: وەک وەزارەتی کشت وکاڵ ھەموو ھەوڵێک دەدەین ئەمساڵ (٢٠٢٤) پڕۆژەی درووستکردنی بەندئاوەکان لەلایەن بەغداوە بچێتە بواری جێبەجێکردن و پێشبینی دەکەم ئەمساڵ دەست بە درووستکردنیان بکرێت.
ڕەحمان خانی ئاماژەی بۆ ئەوە کرد: بەپێی دوایین داتای ئاماری باران بارینی ئەمساڵ ڕەوشی بەندئاوەکان باشە و ژمارەیەک بەندئاو سەرڕێژ بوونە، ھێشتا وەرزی بارانبارینی ئەمساڵ زۆریشی ماوە، پێشبینی دەکەین ڕێژەیەکی زۆرتری ئاو لەنێو بەندئاوەکان کۆگا بکرێت کە بۆ مەبەستی جیاواز سوودی لێ وەردەگیرێت.
ئەم بابەتە 12009 جار خوێندراوەتەوە