کاردانەوەی ووتەبێژی وەزارەتی دەرەوەی ئێران بەرامبەر بە لێدوانەکانی هاکان فیدان وەزیری دەرەوەی تورکیا دژ بە سیاسەتە هەرێمییەکانی ئێران

پەیامی کورد   ...    کاردانەوەی ووتەبێژی وەزارەتی دەرەوەی ئێران بەرامبەر بە لێدوانەکانی هاکان فیدان وەزیری دەرەوەی تورکیا دژ بە سیاسەتە هەرێمییەکانی ئێران

ووتەبێژی وەزارەتی دەرەوەی ئێران لە کاردانەوە بە لێدوانەکانی هاکان فیدان وەزیری دەرەوەی تورکیا دژی سیاسەتە ناوچەییەکانی ئێران ووتی : ئێمە لە هەڵوێستە پرەنسیپییەکانمان چەسپاوین و هەموو ڕۆژێک هەڵوێستمان لە سیاسەتێکەوە بۆ سیاسەتێکی دیکە ناگۆڕین.

بە پێی ڕاپۆرتێک ، ئیسماعیل بەقایی ووتەبێژی وەزارەتی دەرەوەی کۆماری ئیسلامی ئێران لە لاپەڕەی ئێکس سۆشیال میدیا نووسیویەتی: نەبینینی دەستی ئاشکرا و شاراوەی ئەمریکا و ئیسرائیل لە پێشهاتە ناوچەییەکان هەڵەیەکی گەورەیە. ڕوونە کە بە وتەی وەزیری دەرەوەی تورکیا، "دەبێت هەرێم لە کولتوری هەژموونی وڵاتێک بەسەر ئەوانی دیکەدا ڕزگار بکرێت؛ نە عەرەب، نە تورک، نە کورد، نە ئێرانی؛ "نابێت هیچ کامیان هەوڵی زاڵبوون بەسەر ئەوی دیکەدا بدەن، تێکچوون درووست بکەن، یان هەڕەشە بکەن." بەڵام ئەی ئیسرائیل چی؟

ناوبراو لە درێژەی قسەکانیدا ووتی: لە ماوەی چەند ڕۆژێکدا دوای ڕووخانی دیمەشق لەلایەن هێزەکانی سەر بە تورکیا، ئیسرائیل هێرشی زۆر بەرفراوانی دژی دامەزراوە و ژێرخانی سەربازی و بەرگری سوریا و تەنانەت ناوەندە زانستی و توێژینەوەکانیشی ئەنجامدا و زیاتر لە سەدا نەوەدیان لەناوبرد. جگە لەوەش ئیسرائیل تەواوی بەرزاییەکانی جۆلانی داگیرکردووەتەوە و بە درێژەدان بە هەوڵە فراوانخوازییەکانی، ئێستا بەشێکی گەورە و گرنگی خاکی سووریای داگیرکردووە. ئێستا ئیسرائیل گرینگترین سەرچاوە ئاوییەکانی سووریای کۆنترۆڵکردووە و چەندین جار یەکپارچەیی خاکی ووڵاتەکە و سەروەری نەتەوەیی پێشێل دەکات. ئەمانە دەستکەوتی سیاسەتێکی هەڵەن بۆ خەڵکی سووریا و فەلەستین و هەموو ناوچەکە.

بەغایی بە ئاماژەدان بەوەی کە ئێران لە ماوەی پێنج دەیەی ڕابردوودا هیچ تەماحێکی ناوچەیی بەدوادا نەهاتووە، لە درێژەی قسەکانیدا وتی: تەنیا خەمی ئێمە پشتیوانی لە گەلی فەلەستین و پشتیوانی لە ئایدیاڵەکانیان بووە لە شەڕی دژی داگیرکاری و دەستدرێژی و ڕێگریکردن لە هەژموونی ئیسرائیل بەسەر ناوچەکەدا. ئەمڕۆ پرسی فەلەستین لە هەموو کاتێک زیندووترە و ئیسرائیل لە هەموو کاتێک زیاتر ڕق لێی بووە. ئەگەر چەقۆکانی پشتی نەبوایە کەس نەیدەوێرا باسی ئاوارەبوونی زۆرەملێی فەلەستینییەکان لە غەززە و لکاندنی کەرتی ڕۆژئاوا بکات.

ئەم دیپلۆماتە باڵایەی ووڵاتەکەمان زیادی کرد: کۆماری ئیسلامی ئێران هەمیشە پشتیوانی لە بەرخۆدان کردووە، بەڵام لە هەمان کاتدا ڕاستگۆیانە ڕووبەڕووی ڕەفتاری نایاسایی و تیرۆر بووەتەوە. ئێمە یەکەم ووڵات بووین کە بە دەستی پاڵەوانی نەتەوەییمان شەهید سولەیمانی ئاڵای شەڕی داعش و توندڕەوی تووندوتیژمان هەڵکرد و لە ناوچەکەدا شکستمان پێهێنا. ئێمە یەکەم ووڵات بووین کە دژایەتی و ڕووبەڕووبوونەوەی کودەتاکەی دژی حکوومەتی تورکیا بووین. ئێمە لە یەکەم ووڵاتان بووین کە پێشوازیمان لە دانانی چەک لەلایەن پەکەکەوە کرد و بە هەنگاوێکی گرنگمان زانی بۆ بەهێزکردنی ئاسایش لە وڵاتی دراوسێمان تورکیەدا.

بەقایی جەختی لەوەش کردەوە: "ئێمە لەسەر هەڵوێستە پرەنسیپییەکانمان چەسپاوین و ڕۆژانە هەڵوێستەکانمان لە سیاسەتێکەوە بۆ سیاسەتێکی دیکە ناگۆڕین".

پێشتر فیدان لە چاوپێکەوتنێکیدا لەگەڵ کەناڵی جەزیرە سەبارەت بە سیاسەتەکانی ئێران دوای پێشهاتەکانی سووریا، بانگەشەی ئەوەی کردبوو کە ئەم سیاسەتە "هەندێک دەستکەوتی بەدەست هێنا، بەڵام ئەو باجەی بۆ پاراستنی ئەو دەستکەوتانە داوە زۆر زیاتر بوو، چوونکە ناچاربوو زیاتر قوربانی بدات لەوەی لە عێراق و سووریا بەدەستی هێنابوو بۆ ئەوەی ئەو دەستکەوتانە بپارێزێت".

ناوبراو بە بانگەشەی ئەوەی کە "ئێران چەندین وانەی لە ڕووداوە بەپەلەی سەردەمی نوێ وەرگرتووە"، وتی: "دەبێت هاودەنگی ناوچەیی بەهێزتر بکرێت و کاتی بەردەوامبوون لە هەڵە کۆنەکان گونجاو نییە". هەرێم دەبێ لە لایەن یەک ووڵاتەوە لە کولتوری لایەنگری ڕزگاری بێت. پێویستە ووڵاتانی ناوچەکە دابنیشن و کێشەکان لە نێوان خۆیاندا چارەسەر بکەن، هاودەنگی لەگەڵ یەکتر نیشان بدەن و ئاسایش و خۆشگوزەرانی هاوبەش مسۆگەر بکەن، بە پێچەوانەوە دەبنە هەڕەشە بۆ سەر یەکتر.

فیدان هەروەها ووڵامی پرسیارێکی سەبارەت بە ئەگەری پشتیوانیکردنی ئێران لە هێزە کوردەکانی سووریای دایەوە و ووتی: درووست نییە تاران درێژە بە سیاسەتە کۆنەکانی بدات. ئەگەر بیەوێت بە پاڵپشتیکردنی گرووپێک دۆخێکی نیگەرانی لە ووڵاتێکی تردا دروست بکات، ئەوە ووڵاتی دووەم لەوانەیە پشتگیری گرووپێکی تر بکات لە ووڵاتی یەکەم. ئەگەر ناتەوێت خەڵک بەرد لە ماڵەکەتدا فڕێ بدات، بەرد بۆ ماڵی کەسانی تر مەکە.


ئەم بابەتە 52 جار خوێندراوەتەوە