کارکردن لە پڕۆژەی فریاگوزاری خێرای ئاوی ھەولێر بە خێرایی بەڕێوەدەچێت

پەیامی کورد   ...   کارکردن لە پڕۆژەی فریاگوزاری خێرای ئاوی ھەولێر بە خێرایی بەڕێوەدەچێت

لەسەر فەرمانی مەسروور بارزانی سەرۆکی حکوومەتی ھەرێمی کوردستان، بە گوژمەی نزیکەی ٤٨٠ ملیۆن دۆلار دەست بە پرۆژەی فریاگوزاری خێرای ئاوی ھەولێر کراوە، کەبەشێکی لەلایەن کۆمپانیای ھێمن گرووپ و بەشێکی لەلایەن کۆمپانیای کەی وان جێ بەجێ دەکرێت و بە تەواوبوونی پرۆژەکە،‌ کێشەی کەم ئاوی لە شاری ھەولێر بە ڕێژەی ١٠٠% چارەسەر دەبێت.

پرۆژەکە لە ڕۆژێکدا ٤٨٠ ھەزار مەتر سێجا ئاو دەپاڵێوێت، بۆ ھەر کاتژمێرێک ٢٠- ٢١ ھەزار مەتر سێ جا ئاوی خاوێن بۆ گەڕەکەکانی شاری ھەولێر دەنێرێت.

پرۆژەکە بە چوار ھێڵی سەرەکی لەنێوان گەڕەکەکانی نێوان شەقامی ١٢٠ مەتری و شەقامی ١٥٠ مەتری جێبەجێ دەکرێت، کە گەڕەکەکانی نێوان ئەو شەقامانە و دەرەوەی شەقامەکان و دارەتوو، بنەسڵاوە، کەسنەزان، پیرزین، شاوێس، بەحرکە، عەنکاوە و سێبیران لێی سوودمەند دەبن.

پرۆسەی وەرگرتنی ئاوی پرۆژەکە لە زێی گەورە دەست پێدەکات و پاککردنەوە و پاڵاوتنی ئاوەکە و فلتەرکردن و کلۆرکردنی‌ ئاوەکە بە ستانداردی ڕێکخراوی تەندرووستی جیھانی (WHO) و عێراقی جێبەجێ دەکرێت.

لە پرۆژەی فریاگوزاری خێرای ئاوی ھەولێر ٢٠٠ کیلۆمەتر بۆڕی سپایڕۆڵ بەکاردێت و ٢٨٠ کیلۆمەتر بۆڕی ئەسیلین بە تیرەی ١٦٠ ملیم و ٢٢٠ ملیم و ٢٥٠ ملیم بۆ بەستنەوەی پرۆژەکە بە گەڕەکەکانی شاری ھەولێر بەکار دێت.

جێبەجێکردنی ئەم پرۆژەیە کێشەی کەم ئاوی لە شاری ھەولێر بە تەواوی چارەسەر دەکات و دەبێتە ھۆی داخستنی زیاتر لە ھەزار بیری ئاو، بە مەبەستی پاراستنی ئاوی ژێرزەوی و بەفیڕۆنەدانی.


ئەم بابەتە 60 جار خوێندراوەتەوە