کار لەسەر درووستکردنی دوو فرقەی دیکەی ھێزی پێشمەرگە دەکرێت

پەیامی کورد    ...   کار لەسەر درووستکردنی دوو فرقەی دیکەی ھێزی پێشمەرگە دەکرێت

ڕاوێژکاری سەربازی سەرۆکی ھەرێمی کوردستان ڕایگەیاند : دوای درووستکردنی دوو فرقە بۆ ھێزی پێشمەرگە، ئێستا فرقەی سێیەم لە قۆناغی کۆتایی دایە و بڕیارە فرقەی چوارەمیش لە سلێمانی درووست بکرێت، بۆیە پرۆسەی یەکخستنی ھێزی پێشمەرگە زۆر بەباشی بەڕێوە دەچێت.

بابەکر زێباری، ڕاوێژکاری سەربازی سەرۆکی ھەرێمی کوردستان، ڕایگەیاند : کاری یەکخستنی ھێزی پێشمەرگە بەشێوەیەکی زۆر باش و بەبێ بەربەست بەڕێوە دەچێت، ئێستا کار لەسەر درووستکردنی فرقە دەکرێت، لە ماوەی ڕابردوو دوو فرقە درووست کران، ئێستاش کار لەسەر فرقەی سێ دەکرێت و کاری زۆر باشی تێدا کراوە و لە قۆناغی کۆتایی دایە و لە پارێزگای دھۆک درووست دەکرێت.

ھەر فرقەیەک چوار لیوایە و ھەر لیوایەکیش سێ فەوجە و ھەر فەوجێک چوار فەسیلەیە، بەو شێوەیە درووست دەبێت. بڕیارە فرقەی چوارەمیش لە پارێزگای سلێمانی دروست بکرێت.
بابەکر زێباری ووتیشی: ھەنگاوی زۆر باش نراوە بۆ ئەوەی لەشکرێکی ڕێکخراومان ھەبێت، پێداچوونەوە بە ھێزەکاندا دەکرێت و لە ھەر شوێنێک کەموکورتی ھەبێت چارە دەکرێت، ئەو ھەنگاوە زۆر گرینگە و حکوومەتی ھەرێمی کوردستان زۆر جیددییە لەوەی سەرجەم ھێزەکانی پێشمەرگە یەک بخرێن، ھاوپەیمانانیش ھاوکاری سەرەکین لە یەکخستنی ھێزی پێشمەرگە.
زێباری باسی لەوەش کرد: پرۆسەکە زۆر باش بەڕێوە دەچێت و بڕیارە ١١ فرقە درووست بکرێن، بەڵام کاتی پێویستە و بە قۆناغیش جێبەجێ دەکرێت، بۆیە بە دوو تا سێ ساڵی دیکە کارەکان تەواو دەکرێن، چوونکە پرۆسەکە زۆر بە ووردی بەڕێوە دەچێت، بۆ ئەوەی ھیچ گرفتێکی نەبێت، دەیانەوێت بەجۆرێک پرۆسەکە تەواو بکرێت لە ھیچ شوێنێک بەتایبەت لە سەنگەرەکان بۆشایی درووست نەبێت تاوەکوو کۆتایی پێدێت.


ئەم بابەتە 35118 جار خوێندراوەتەوە