کاناڵی ١٢ی ئیسرائیل لە ڕاپۆرتێکدا باسی لە چۆنیەتی کوژرانی ئیسماعیل هەنیە، ڕێبەری پێشووی حەماس، لە تاران کردووە.
پەیامی کورد ... کاناڵی ١٢ی ئیسرائیل لە ڕاپۆرتێکدا باسی لە چۆنیەتی کوژرانی ئیسماعیل هەنیە، ڕێبەری پێشووی حەماس، لە تاران کردووە.
بەپێی ئەم ڕاپۆرتە کە ڕۆژی شەممە ٨ی بەفرانبار لەلایەن ئەم کانالەوە بڵاو كراوەتەوە، ئیسرائیل لە ڕێگەی بۆمبێکی جێگیرکراو لە ژووری نووستنی هەنیە، توانی ڕێبەری پێشووی حەماس لە یەکێک لە ئەمنییەتی ترین شوێنەکانی تاران دا بکوژێت.
ڕاپۆرتەکە باس لە پلانێک دەکات کە پێشتر بە ووردەکارییەوە داڕێژراوە و چەند مانگ ئامادەکاری بۆ کراوە، بە شیوەیەک کە بەرپرسانی مووساد پاش ئەوەی کە زانیویانە هەنییە لە هاتووچۆوەکانی بۆ تاران، هەمووکات لە یەک ژوور دەمێنێتەوە، بۆمبێکیان لە ژوورەکەیدا داناوە کە لە دوورەوە کۆنتڕۆڵ کراوە.
کاناڵی ١٢ی ئیسرائیل زیادی کردووە کە لە کۆتا ساتەکاندا سیستەمی فێنککەرەوەی ژوورەکەی هەنییە خراپ دەبێت و مەترسی ئەوە درووست دەبێت کە پلانەکە تێک بچێت بەڵام پاش ماوەیەکی کورت کێشەکە چارەسەر دەکرێت و هەنییە دەگەڕێتەوە ژوورەکەی.
ڕۆژی دووشەممەی ڕابردوو، ییسرائیل کاتس، وەزیری بەرگری ئیسرائیل ڕایگەیاند کە ووڵاتەکەی ئیسماعیل هەنیەی لە تاران کوشتووە.
ئەم بابەتە 61 جار خوێندراوەتەوە