کۆریای باکوور هەڕەشەی ڕاگەیاندنی شەڕی کرد

پەیامی کورد   ...   کۆریای باکوور هەڕەشەی ڕاگەیاندنی شەڕی کرد

پیۆنگ یانگ بە ئاماژەدان بە دۆزینەوەی پاشماوەی فڕۆکەیەکی بێفڕۆکەوانی سەربازی کە لە سیئۆل کەوتووەتە خوارەوە، هەڕەشەی لە کۆریای باشوور کرد بە کردەوەی تۆڵەسەندنەوە.

بەپێی ئاژانسی هەواڵی ناوەندی کۆریای باکوور، پێدەچێت ئەو فڕۆکە بێفڕۆکەوانە بۆ پەخشکردنی پڕوپاگەندەی دژە کۆریای باکوور لە ڕێگەی پیۆنگیانگەوە بەکارهاتبێت. ئەم میدیایە ئاماژەی بەوەشکردووە، لە چەند مانگی ڕابردوودا فڕۆکەی بێفڕۆکەوانی هاوشێوە دۆزراوەتەوە و چاودێری پەخشکردنی ڕاگەیاندنەکانیان کردووە کە "ڕیکلام و درۆی سیاسی"یان تێدایە.

ئەم میدیایە ڕایگەیاند: ئەگەر پێشێلکردنی خاکی ووشکانی و ئاسمانی و دەریایی کۆریای باکوور لەلایەن سوپای کۆریای باشوورەوە چاودێری بکرێت و دووپات بکرێتەوە، ئەوە بە ئیستفزازییەکی بەرچاوی سەربازی لە دژی سەروەری کۆریای باکوور دادەنرێت و دواتریش بە ڕاگەیاندنی شەڕ و... هێرشی تۆڵەسەندنەوەی دەست بەجێ دەکرێت.

کیم یۆ جوونگ، جێگری سەرۆکی پارتی کرێکارانی دەسەڵاتداری کۆریای باکوور و خوشکی کیم جۆنگ ئوون، ڕۆژی پێنجشەممەی ڕابردوو بانگەشەی کرد کە پیۆنگ یانگ بەڵگەی باوەڕپێکراوی لەبەردەست دایە کە کۆریای باشوور ئاسمانی پیۆنگ یانگ ی پێشێل کردووە.

کۆریای باشوور ڕەتیکردەوە فڕینی فڕۆکە بێفڕۆکەوانەکانی بەسەر ئاسمانی کۆریای باکوور پشتڕاست بکاتەوە و بەرپرسیارییەتی پشتڕاستکردنەوە و ڕەتکردنەوەی بۆ پیۆنگ یانگ جێهێشت.

لە چەند مانگی ڕابردوودا پیۆنگ یانگ تۆنی دوژمنکارانەی خۆی لە دژی سیئۆل پەرەپێداوە و دراوسێی باشووری خۆی بە کردەوەی "ئیستفزازی" تۆمەتبار کردووە.

کۆریای باکوور هەفتەی ڕابردوو ڕێگاکانی بەرەو کۆریای باشوور تەقاندەوە و سوێندی خوارد "بەتەواوی لەیەکتر جیابکاتەوە" هەردوو ووڵات و ناوچە سنوورییەکان بکاتە "قەڵای هەمیشەیی". سەرۆکی کۆریای باکوور لە مانگی یەکدا کۆریای باشووری بە "دوژمنی سەرەکی" پیۆنگ یانگ وەسف کرد.


ئەم بابەتە 12851 جار خوێندراوەتەوە