"کێشەی نەخوێندنەوەی پەنجەمۆری دەنگدەران چارەسەر دەکرێت"
پەیامی کورد ... "کێشەی نەخوێندنەوەی پەنجەمۆری دەنگدەران چارەسەر دەکرێت"
یاریدەدەری بەرپرسی ئۆفیسی کۆمیسیۆنی باڵای سەربەخۆی ھەڵبژاردنەکانی عێراق لە دھۆک ڕایدەگەێنێت، دوای ئەوەی لە ھەڵبژاردنی ڕابردوودا ژمارەیەکی زۆری دەنگدەر بەھۆی نەخوێندنەوەی پەنجەمۆرەوە لە دەنگدان بێبەش بوون، بۆ ئەم جارە ئاسانکاری زۆر کراوە و گرفتەکە چارەسەر بووە، چونکە دوو رێگاچارەی تازە بۆ ئەو گرفتە بەکار دێن.
ھۆگر جاسم، یاریدەدەری بەرپرسی ئۆفیسی کۆمیسیۆنی باڵای سەربەخۆی ھەڵبژاردنەکانی عێراق لە دھۆک، ڕایگەیاند، لە ھەڵبژاردنی ڕابردوودا زیاتر لە ٦٠ ھەزار دەنگدەر لە پارێزگای دھۆک کێشەی نەخوێندنەوەی پەنجەمۆریان ھەبوو، بەڵام ئێستا بۆ دڵنیابوون ئەو ئامێرانە کامێرانیان پێوە خراوە و پێشتر لە ھەر ئامێرێک دا تەنیا ٢٣ دەنگدەر بۆیان ھەبوو دەنگ بدەن و ئەوانەی دیکە بێبەش دەبوون، بەڵام لەمەودوا ئەوانەی کارتیان لەکار کەوتبوو وێنەیان بۆ دەگرین و لە رێگەی کامێراوە دەتوانن دەنگی خۆیان بدەن و جارێکی دیکەش پەنجەمۆریان وەردەگرین، چوونکە ھەستیاری بۆ پەنجەمۆر کەم کراوەتەوە بۆ ئەوەی پەنجەمۆریان وەربگرن و بتوانن دەنگی خۆیان بدەن، بۆیە ئەم جارە گرفتی خوێندنەوەی پەنجەمۆر زۆر کەم دەبێت، چوونکە ئاسانکاری زۆر کراوە.
جاسم ووتیشی، کاتێک چووین بۆ ھەولێر بۆ تێستی ئامێرەکان، من لە کارتی دەنگدانم دا وێنەی ٢٠١٤م ھەبوو، کە تێست کرا یەکسەر وێنەی منی ئەوەی ئەمساڵ ناسییەوە، بۆیە کامێراکان زۆر بەھێزن و دەنگدەر دەناسنەوە، لەبەر ئەوە ئاسانکاریی باش کراوە و ئەوانەی پەنجەمۆریشیان ناخوێندرێتەوە، کاتێک تۆمار کراون بەبێ پەنجەمۆر تۆمار کراون، ئێستا ھەستیاری پەنجەمۆر کەم کراوەتەوە بۆئەوەی دووبارە پەنجەمۆر بکەنەوە، کە ئەگەر ھەر نەیخوێندەوە ئەوکات لە رێگەی ڤیدیۆوە وێنەی بۆ دەگرن و دەناسرێتەوە، بۆیە ئەمجارە گرفتی نەخوێندنەوەی پەنجەمۆر زۆر کەم دەبێت.
دەشڵێت، ئەوانەی کێشەی پەنجەمۆریان ھەبوو زیاتر لە ٦٠ ھەزار کەس بوون لە دھۆک، کە تەنیا ٣٠ ھەزار کەس توانییان دەنگ بدەن و ئەوانەی دیکە بێبەش بوون، بەڵام ئەم جارە کێشەی ئەوانەش چارەسەر دەکرێت لە رێگەی دووبارە پەنجەمۆرکردن یاخود وێنە تۆمارکردن، بۆیە بۆ ھەڵبژاردنی داھاتوو ئەم گرفتە یەکجار کەم دەبێت و چارەسەر دەکرێت، بەڵام پێویستە ئەوانەی پەنجەمۆریان نەخوێندراوەتەوە گرنگە تاوەکوو ٢٣ی ئەم مانگە بێن سەردانی بنکەکانمان بکەن کە لە دھۆک زیاتر لە ٤٠ بنکەمان ھەن، چونکە ١٥ ھەزار کەس سەردانی ئێمەیان کردووە پێشتر پەنجەمۆریان نەخوێندراوەتەوە و جارێکی دیکە پەنجەمۆریان وەرگیراوەتەوە و گرفتەکەیان چارە دەکرێت.
ئەم بابەتە 43 جار خوێندراوەتەوە