کەناڵی KDP زانیاری له‌سه‌ر پشته‌وه‌ی سه‌ردانەکەی یاریده‌ده‌ری ووزه‌ی ئه‌مریکا ده‌خاته‌ڕوو
پەیامی کورد ... کەناڵی KDP زانیاری له‌سه‌ر پشته‌وه‌ی سه‌ردانەکەی یاریده‌ده‌ری ووزه‌ی ئه‌مریکا ده‌خاته‌ڕوو
ئه‌مریكا هاتووه‌ته‌وه سه‌رھێڵ و ده‌یه‌وێت به‌هه‌ر جۆرێك بێت لەنێوان عێراق و هه‌ولێر ڕێککەوتن بۆ هه‌نارده‌كردنه‌وه‌ی نه‌وت بکرێت، جێفری پایت یاریده‌ده‌ری وه‌زیری ووزه‌ی ئه‌مریكا ده‌ڵێت: مایەی هاندان بوو بۆ ئێمە له كه‌رتی ووزه‌ی كوردستانه‌وه گوێ بیست بووین کە لە هەرێمی کوردستان و لە سەرتاسەری جیهاندا تا ئەورووپاش چی دەکەن! ئەمەش ئاماژەیە بۆ ئەوەی کە چۆن پیشەسازی وزەی ئەم ناوچەیە دەگاتە ستانداردە جیهانییەکان.
ڕۆژی 16ی 5ی2024 جێفری پایت، یارده‌ده‌ری وەزیری ووزه‌ی ئه‌مریكا گه‌یشته هه‌ولێر و له‌گه‌ڵ سه‌رۆكوه‌زیرانی كوردستان كۆبووەوە، پێش ئەو سه‌ردانه .. وه‌زاره‌تی ده‌ره‌وه‌ی ئه‌مریكا له‌سه‌ر كه‌رتی ووزه‌ی كوردستان به‌یاننامه‌یه‌كی ده‌ركردووه و تێیدا هاتووە: له هه‌ولێر یارده‌ده‌ری وه‌زیر باس له ڕاكێشانی وه‌به‌رهێنانی بیانی بۆ كوردستان دەکات و كار له‌سه‌ر قۆناغی گواستنه‌وه و ووزه‌ی خاوێن ده‌كه‌ن، باس له گرینگی گازی سرووشتی كوردستان ده‌كه‌ن .. گازی سرووشتی كوردستان گرینگه بۆ سه‌ربه‌خۆیی ووزه‌ی عێراق، هاوکات هه‌نارده‌ی نه‌وتی كوردستانیش پێویستە و ئه‌ورووپا ده‌توانێت پشتی پێ ببەستێت.
دوای كۆبوونه‌وه‌ش جێفری پایت، له كۆنگره‌یه‌كی ڕۆژنامه‌نووسی، ڕۆژی 16ی5ی2024 له‌شاری هه‌ولێر ووتی: سەردانەکەی ئەمڕۆ کاریگەرییەکی بەهێزی لەسەر من هەیە، لەڕووی قەبارەی وزەی ئەم ناوچەیە کە بۆ سەربەخۆیی وزەی هەموو عێراق گرینگە، جگە لەوەش بینینی ئەو ڕاستییەی کە هەموومان تا ئاستێک بە هەمان ئاستەنگەکاندا تێدەپەڕین! من لە کۆبوونەوەکەماندا گوتم، ئێرە لەبەرچاومدا وەک ئۆکلاهۆمایەکی بچووک وایە، زۆر لە ناوچەکانی بەرهەمهێنانی نەوتمان لە ئەمریکا بیر دەخاتەوە.
د.ڤیان سه‌بری، سه‌رۆكی لیستی پارتی له ئه‌نجوومه‌نی نوێنه‌رانی عێراق و ئه‌ندامی لێژنه‌ی په‌یوه‌ندییه‌كانی ده‌ره‌وه ڕایگەیاند : شاندە ئەمریكییەكە له‌گه‌ڵ وه‌زیری نه‌وتی عێراق كۆبووەته‌وه، كۆبوونه‌وه‌كانیش درێژكراوه‌ی ئه‌و كۆبوونه‌وانه‌ن كه هەردوو سه‌رۆكوه‌زیران مەسروور بارزانی و محەمەد شیاع سوودانی له كۆشكی سپی و كۆنفرانسی ئاسایشی میوونشن له‌گەڵ به‌رپرسانی ئه‌مریكا ئەنجامیانداوە، به‌شێكی زۆریشی ده‌گەڕێته‌وه بۆ سەردانەكانی سه‌رۆكوه‌زیرانی هەرێمی كوردستان بۆ ئه‌مه‌ریكا و كۆنگره‌ی ئاسایشی میونشن، ئه‌مه‌ریكا ده‌یه‌وێت به پشت به‌ستنی عێراق به سه‌رچاوه‌ی وزه‌ی كوردستان بۆ بابه‌تی كاره‌با، عێراق له پشت به‌ستن بە ووڵاتانی دراوسێ ڕزگار بكات.
هاوكات د.سامان شاڵی، شاره‌زا له په‌یوه‌ندییه‌كانی ده‌ره‌وه و سیاسه‌تمه‌دار ووتی: بۆ ئه‌مریكا گرینگه كه هه‌نارده‌ی نه‌وتی كوردستان ده‌ستپێبكاته‌وه، چوونكه ناوچه‌كه پێویستی پێیه‌تی، بۆیه ئه‌مریكا لای گرینگه وه‌به‌رهێنانی خۆی بێنێته كوردستان، به‌تایبه‌ت له پرسی گازدا، جیا له‌وه‌ش، هەناردەی نه‌وتی ئێمه‌ش ده‌ستپێبكاته‌وه.
ڕاشیگه‌یاند: فشارێكی زۆری ئه‌مریكا هه‌یه بۆ ئه‌وه‌ی نه‌وتی كوردستان هه‌نارده بكرێته‌وه، توركیاش له‌و باره‌یەوه گرفتی نییه، به‌ڵام ئه‌مه پێویستی به هه‌نگاوی گرینگه، له‌وانه هه‌مواركردنه‌وه‌ی یاسای بوودجه‌ی عێراق، چوونكه پاره‌ی ده‌رهێنانی نه‌وت له كوردستان زیاترە له به‌شه‌كانی دیكه‌ی عێراق، ئه‌مه‌ش په‌یوه‌ندی به هەڵكه‌وته‌ی جوگرافیای كوردستانەوە هه‌یه، چوونكه ده‌رهێنانی نه‌وت لە كوردستان ئاسان نییه.
ئەم بابەتە 48671 جار خوێندراوەتەوە